Accessibility links

ئەو نەوجەوانەی بە پشتێنى بۆمبڕێژكراوەوە دەستگیركرا لەلایەن داداگای کەرکوکەوە سزا دەدرێت


دادگاى كەركوک ئەو نەوجەوانەی بە 10 ساڵ زیندانى كردن حوكمدا، كە لەمانگى ئاب ى ساڵى ڕابردوودا بەپشتێنى بۆمب ڕێژكراوەوە لەنێو كەركوک دەستگیركراو بەوتەى هێزە ئەمنیەكانیش ، لەلایەن داعشەوە بۆ تەقاندنەوەى حوسەینیەكى كەركوک نێردرابو.

مەحمود ئەحمەد ئیسماعیل ، ئەو ئەو نەوجەوانە بوو كە لە 22/8/2016 لەگەڕەکی خەزراى كەركوک بەپشتێنێكى بۆمب ڕێژكراوەوە دەستگیركرا، ئەوكات ڕاگەیاندنەكان ساتى دەستگیركردنەكەیان گواستەوە و دەستگیركردنەكەى هەڵایەكى گەورەى دروستكرد.

عەقید غەریب ئەنوەر، بەڕێوەبەرى بەشى پۆلیسى نەوجەوانانى كەركوک، بەدەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"نەوجەوانەکە بە 10 ساڵ زیندانى كردن سزادراوە و بۆ بەسەر بردنى حوكمەكەى ڕەوانەى بەغدا كراوە."

وتیشى"تائێستا كەس و كارى مێرد منداڵەكە بۆ سەردانیكردنى كوڕەکەیان نەهاتونەتە پۆلیس ، بەڵام زانیارى هەیە كە خەڵكى بەغدایە."

سەبارەت بە چۆنیەتى دانپێدانانەكانى نەوجەوانەکە لەبەردەم دادوەردا، عەقید غەریب گوتی"مێرد منداڵەكە لەبەردەم دادوەردا نكۆڵى لەوە نەكردووە كە داعش بووە و داعش هێناویەتى بۆ خۆ تەقاندنەوە، هەروەها داعشیش رەوانەى ناو كەركوكیان كردووە بەشێوەى بەرنامە بۆ دارێژراو."

لاى خۆشیەوە جوان حەسەن سەرۆكى لیژنەى مافى مرۆڤ لەئەنجومەنى پارێزگاى كەركوک، بەدەنگى ئەمەریکای راگەیاند"دۆسیەى مێرد منداڵەكە تایبەت بووە بە مەسەلەى تیرۆر، بۆیە ئێمە وەكو مافى مرۆڤ لەو جۆرە دۆسیانەدا زۆر تەداخول ناكەین."

وتیشى"دادوەر لەو جۆرە كەیسانەدا خۆى سەرپشكە و بریار لەبارەى دۆسیەكانەوە دەدات."

بەشى پۆلیسى نەوجەوانانى كەركوك لەساڵى 2003 دامەزراوە و لەئێستادا 50 دەستگیركراوى تێدایە، كەدەستگیركراوەكان تەمەنیان لەنێوان 9 ساڵ بۆ 18 ساڵە، لەرۆژانى رابردوشدا ژمارەیەك مێرمنداڵى حوكمدراو بۆ سەربردنى حوكمەكانیان رەوانەى شارى بەغدا كراون.

دەقی ڕاپۆرتەکەی پەیامنێرمان دڵشاد ئەنوەر لە کەرکوک

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:05 0:00

XS
SM
MD
LG