Accessibility links

سەرۆکی تورکیا دەڵێت داواکاریەکانی وڵاتانی عەرەب بۆ قەتەر نایاساییە


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی یەکشەممە داواکاری وڵاتانی کەنداوی ڕەت کردەوە بۆ داخستنی ئەو بنکە سەربازییەی کە ئێستا لە قۆناغی دامەزراندندایە لە قەتەر و گوتی ئەو ئەو لیستە داواکارییەی کە 4 وڵاتی عەرەب داوایانە بە قەتەر نا یاساییەو دژ بە سەروەری خاکی ئەو وڵاتەیە.

لە توندترین بەیاننامەیدا بۆ پشتیوانی کردن لە قەتەر لەوەتای ئەو قەیرانە لە ماوەی نزیکەی سێ هەفتەی ڕابوردوو دەستیپێکردووە، ئەردۆغان گوتیشی داواکاری بۆ کشانەوەی هێزەکانی تورکیا بێڕێزی کردنە و ستایشی دۆحای کرد بۆ ئەوەی کە ڕایگەیاندووە ئەو داواکاریانە ڕەوا نین.

عەرەبستانی سعودیە، میرنشینە یەکگرتووەکانی قەتەر، میسر و بەحرەین لە 5 ی مانگی 6 هەمو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ قەتەردا بچڕی و لیستێک داواکاریان بۆ نارد وەکو مەرج بۆ باشکردنەوەی پەیوەندییەکانیان.

​بەپـێی میدیاکان، داواکاریـیەکان بریتین لە:

  • نزمکردنەوەی ئاستی پەیوەندی دیپـلۆماسی لەگەڵ ئێران و ئەو کەسانەی سەر بە پاسدارانی ئێرانن دەبێت خاکی قەتەر جێبهێڵن و پەیوەندیـیە ئابوریـیەکانی لەگەڵ ئێران بە شێوەیەک نەبن سزاکانی نێودەوڵەتی و ئەمەریکا بۆ سەر تاران پـێشێل بکات. هەروەها هەموو هاوکاریـیەکی لەشکری و هەواڵگری لەگەڵ ئێراندا ببڕێت.
  • دەستبەجێ ئەو بنکە سەربازیـیەی تورکیا لە قەتەر کە لە ئێستادا قۆناغی دامەزراندندایە، دەبێت دابخرێت و هەموو هاوکاریـیەکی لەشکری لەگەڵ تورکیا لەسەر خاکی قەتەر ڕابگیرێت.
  • دەبێت قەتەر ڕایبگەیەنێت پەیوەندیـیەکانی لەگەڵ هەموو ڕێکخراوە تێرۆرستی و تایفەگەریـیانە ببڕێت و لە لیستی گروپە تێرۆرستیـیەکان دایانبنێت، لە سەروو هەموویانەوە ئیخوان ئەلموسلیمین، داعش، قاعیدە، فەتح ئەلشام (بەرەی نوسرەی جاران).
  • ڕاگرتنی هەموو شێوازەکانی کۆمەکردن بۆ کەسان و قاوارە و ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکانی لە لیستی ئەو چوار وڵاتە عەرەبـیەدان و هەروەها لە لیستەکانی ئەمەریکا و کۆمەڵی نێودەوڵەتی.
  • ڕادەسـتکردنی هەموو ئەو تێرۆرستانەی لە لیستی داواکراواندا هەن لە چوار وڵاتە عەرەبیـیە و ئەمەریکا و کۆمەڵی نێودەوڵەتی و پاشان دەستبگرێت بەسەر سەروەت و سامانیان و هەموو زانیاریـیەک لە بارەیانەوە ڕادەستبکات.
  • داخستنی کەناڵی ئەلجەزیرە و کەناڵەکانی لەگەڵیدان.
  • وازهێنان لە دەسـتێوەردان لە کاروباری ناوخۆی و بەرژەوەندیـیە دەرەوەیـیەکانی چوار وڵاتە عەرەبیـیەکە و چیتر ڕەگەزنامە نەدات بە هاوڵاتیانی ئەو چوار وڵاتە و هەروەها ئەوانەی پـێشتر ڕەگەزنامەی داونەتێ لێـیان وەربگرێتەوە.
  • قەرەبووکردنەوەی ئەو قوربانیانەی کە بەهۆی سیاسەتەکانی قەتەر لەو چوار وڵاتە زیانیان پـێگەیشتووە.
  • دەبێت قەتەر وابەستەبێت بەوەی ببێتە وڵاتێک کە خۆی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و عەرەبدا بگونجێنێت لە ڕووی لەشکری و سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئاسایشی، بە شێوەیەک ئاسایشی نەتەوەیی کەنداو و عەرەب بپارێزێت.
  • زانیاری لە بارەی ئەو بەرهەڵستکارانە ڕادەستبکات کە پاڵپشـتی کردوون.
  • داخستنی ئەو دەزگا ڕاگەیاندنانەی قەتەر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پاڵپشـتیان دەکات.
  • دەبێت جێبەجێکردنی ئەم داواکاریـیانە لە ماوەی 10 ڕۆژدا لە لایەن دۆحەوە قبوڵ بکرێن، ئەگەر نا ئەوا هەڵدەوەشێتەوە.
  • ئەگەربێت و قەتەر بە داواکاریـیەکان قایل ببێت و ڕێکەوتنیان لەسەر بکرێت، ئەوا ئامانج و میکانیزمی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕوون و ئاشکرا دەبن و پاشان لە ماوەی ساڵی یەکەمدا دەبێت هەموو مانگێـک ڕاپـۆرت لەسەر جێبەجێکردنی ئامادەبکرێت و لە دوای ساڵێـک هەموو سێ مانگ ڕاپۆرت لەسەر بدرێت و پاشان بۆ ماوەی 10 ساڵ هەموو ساڵێـک جارێـک ڕاپـۆرتێـک هەبێت.

XS
SM
MD
LG