Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: عێراق و هاوسەنگی سیاسی لە پاش شەڕی داعش


سەرەک وەزیری عێراق ڕۆژی چوارشەممە بە سەردانێک گەیشتە تاران و وتووێژی لەگەڵ ژمارەیەک لە گەورە کاربەدەستانی ئێرانیدا کرد.

ئەم سەردانەی حەیدەر ئەلعەبادی دوابەدوای سەردانە دوو ڕۆژییەکەی بوو بۆ عەرەبستانی سعودیە، ڕکابەرە سەرسەختەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران.

عەبادی لە هەردوو سەردانەکەیدا لە هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی بووە لە ڕیاز و تاران بۆ هەڵمەتەکانی وڵاتەکەی لە شەڕی دژی تێرۆریزمدا، لە کاتێکدا هەر یەکێک لەو دوو وڵاتە پێناسەی جیاوازیان هەیە بۆ تێرۆریزم.

سەردانەکەی شاندی عێراق بۆ شانشینی عەرەبستانی سعودیە و کۆماری ئیسلامی ئێران و میرنشینی کوێت، هاوکاتە لەگەڵ مشتومڕی ژمارەیەک وڵاتی کەنداوی فارس لەگەڵ وڵاتی قەتەردا.

میوانی بەرنامە:
سۆران پاڵانی، نوسەر و لێکۆڵەر

دۆحە گوناهبارکراوە بە پشتیوانی لە تێرۆریزم و هەروەهاش پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاراندا بۆتە جێی گومانێکی زۆری وڵاتانی کەنداوی فارس، هەربۆیەشە عەرەبستانی سعودیە و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و بەحرەین لە کەنداوی فارس پەیوەندیە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ قەتەردا پچڕاند و سنوریشیان بە ڕوودا داخست.

بەغدا جەخت دەکاتەوە لەوەی نابێتە بەشێک لەو قەیرانەی ناو وڵاتانی کەنداو، بەڵام هێشتاش دیار نییە ئایا عێراق دەتوانێت چی بکات بۆ هێورکردنەوەی ئەم ڕەوشە نوێ سیاسییەی کەنداو، هەروەک چۆن نازانرێت ئایا برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان ڕیاز و بەغدا و تاران چەندێک کاریگەری ئەرێنی دەبێت بەسەر هەر هیچ نەبێت کەمکردنەوەی قەیرانی لە مێژینە و توندوتیژییە ئاینزاکانی شیعەکان و سوننەکان.

سەقامگیری و ڕەوشێکی جێگیری سیاسی وەک دەگوترێت یەکێکە لە ئامانجەکانی حکومەتەکەی حەیدەر ئەلعەبادی لە عێراقدا، بەڵام کەمیش نین ئەوانەی لەوبڕوایەدان لەپاش ئازادکردنی موسڵ لە تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی، ئەم وڵاتە دەکەوێتە نێو کێشە و گرفتی نوێوە و باس لە ژمارەیەک ئەگەری ئاڵۆز دەکرێت لەوانە گرفت لە نێوان شیعە و سوننەدا، سەرهەڵدانی ناکۆکی لە نێوان سوننە و سوننەدا، ئەمانە بێ لە ئەگەرە نەخوازراوەکانی نێوان کورد و عەرەب لەو ناوچانەدا کە بە گشتی کاریگەری نەرێنی دەکەنە سەر هەوڵەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی موسڵ و ئەو سەقامگیریەی حکومەتی نێوەندی عێراق بە شوێنیدا دەگەڕێت.

ئایا عێراق دەتوانێت هاوسەنگی بپارێزێت لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە و ئێراندا؟

ئایا هەوڵەکانی ڕیاز و تاران بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراقە یان بۆ جێگیر کردنی بەرژەوەندییەکانیانە؟

ئایا شەڕی دژی تێرۆر لە عێراقدا کۆتایی پێدێت؟

ئایا ئێران ڕێ بە بەرژەوەندییەکانی عەرەبستانی سعودیە دەدات لە عیراقدا؟

ئایا پشتیوانییەکانی سعودیە و ئێران یارمەتیدەر دەبن بۆ سەقامگیری لە عێراقدا؟

سۆران پاڵانی، نوسەر و لێکۆڵەر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە.

زانیاری زیاتر لە دەقی بەرنامەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:29:53 0:00

XS
SM
MD
LG