Accessibility links

یەکەم هێڵی ئاسمانی ڕاستەوخۆی نێوان ئەفغانستان و هیندستان دەکرێتەوە


ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان لە ڕێوڕەسمێکدا لە فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی کابولی پایتەخت، یەکەم ڕێرەوی ئاسمانی لە نێوان وڵاتەکەی و هیندستان کردەوە کە ڕاستەوخۆ بە بێ تێپەڕین بە ئاسمانی پاکستاندا گەشتە ئاسمانیەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکرێن. ئەمە هەنگاوەش بە مەبەستی باشکردنی بازرگانی نێوان ئەفغانستان و هیندستانە.

سەرۆکی ئەفغانستان ڕایگەیاند کردنەوەی هێڵی ئاسمانی نێوانمان لەگەڵ هیندستان لە پێناو خوڵقاندنی دەرفەتی کارە و هەروەها بەمەش ئەفغانستان کاڵاکانی هەناردەی دەرەوە دەکات.

ڕاوێژکاری سەرۆک ئەشرەف غەنی، سەدیقوڵا موجەدەدی دەڵێت بۆ یەکەم جارە بەرهەمی کشتوکاڵی ئەفغانی بە فڕۆکەی بارهەڵگر ڕەوانەی هیندستان بکرێت. ناوبراو دەشڵێت یەکەم باری فڕۆکەی بەرەو هیندستان بریتیە لە 60 تەن لە ڕووەکی سروشتی و دووەم گەشتی ئاسمانی بریتی دەبێت لە باری 6 تەن لە میوەی وشککراو کە لە قەندەهاری پارێزگای باشوری وڵاتەوە بە فڕۆکە ڕەوانەی هیندستان دەکرێت.

ئەفغانستان وڵاتێکە کەنار ئاوی نیە و بە چیا دەورەدراوە و سەرجەم کاڵای هاوردە و هەناردەی پشت بە وڵاتانی هاوسێی دەبەستێت. پەیوەندیەکانی نێوان ئەفغانستان و پاکستانی دراوسێی ئاڵۆزییان تێکەوتووە بە هۆی ئەوەی هەر یەکەیان ئەوی دی بە پەنادانی ملیتانان تۆمەتبار دەکات.

XS
SM
MD
LG