Accessibility links

کچێکی موسوڵمانی گەنج لە نزیک مزگەوتێکی ڤێرجینیا دەکوژرێت


پۆلیس لە ولایەتی ڤێرجینیا پیاویک تاوانبار دەکات بە کوشتنی کچێکی تەمەن 17 ساڵ.وەک پۆلیس دەڵێت ئەم پیاوە لە کاتێکدا هێرشەکەی کردووە کە کچکەو هاوڕێکانی بەلای مزگەوتێکی نزیک واشتنۆن دی سی تێپەڕ دەبوون.

کاربەدەستان دەڵێن دەمەقاڵە ڕوویداوە لە نێوان هەردوولایان و هاوڕێکانی هەڵاتوون لە کاتێکدا پیاوەکە لە ماشێنەکەی دابەزیوەو بۆ ئەوی هێرش بکاتە سەری.

پاشان هاوڕێکانی چوون بۆ نێوەندی کۆمەڵگای ئیسلامی (ADAMS) و لەوێوە تەلەفۆنیان بۆ پۆلیس کرد. پۆلیس دەستبەجێ دەستی بە گەڕان کرد و پاش چەند کاتژمێرێک تەرمی کچێکیان لە گۆمێکدا دۆزییەوە کە نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لەوێوە دوورە.

پۆلیس گوتیشی لە میانەی گەڕانەکەیاندا ئەفسەرێکی پۆلیس ئۆتۆمبێلێکی بینیوە لە لەو ناوچەیە بە شێوەیەکی گوماناوی دەسوڕایەوە و ڕایگرت، ئەمەش دەستگیرکردنی مارتینز تۆرسی تەمەن 22 ساڵانی لێکەوتەوە.

ڕۆژنامەی واشتنۆن پۆست لە زاری کاربەدەستانی پۆلیس و مزگەوتەکەوە ڕایدەگەیەنێت لە نێوان نوێژیان لەو مزگەوتە چوار پێنج گەنج بۆ پارشێو چووبوون بۆ ڕیستورانتی IHOP، کە 24 کاتژمێر کراوەیە، بۆ دەستپێکردنی ڕۆژۆکەیان.

بە پێی وتەکانی پۆلیس ئەو هێرشە لە نێوان مزگەوتەکە و ڕیستورانتەکە ڕوویداوە.

کاربەدەستان دەڵێن لە ئێستادا ئەوان هۆکاری ڕق و کینە بە دوور نازانن بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشە.

جێگری فەرمانڕەوای ڤێرجینیا و دادپرسی گشتش لە نێو ئەو کەسانەن کە ئەم هێرشەی ڕۆژی یەکشەممەیان شەرمەزار کردووە.

XS
SM
MD
LG