Accessibility links

د. عەبدوللەتیف سەلەفی بۆ دەنگی ئەمەریکا: پێشتر سۆفیەکان و داعش و بێ دینەکان هەڕەشەیان لێکردوین


شەوی هەینی لەسەر شەممە بە هۆی تەقینەوەیەکەوە لەبەردەم مزگەوتی بەهەشتی سەلەفیەکان لە شاری سلێمانی 4 کەس برینداربوون و برینی یەکێکشیان سەختە، یەکێک لە بریندارەکانیش د.عەبدوللەتیف ئەحمەد ڕێبەری سەلەفیەکان بوو کە دەڵێت پێش ئەم تەقینەوەیە لەپێشتردا سۆفیەکان و داعش و بێ دینەکان هەڕەشەیان لێکردوین.

لەمیانی بەشداریکردنی لە ڕوماڵی ڕاستەوخۆی سۆشیاڵ میدیای دەنگی ئەمەریکا، د. عەبدوللەتیف ئەحمەد ڕێبەری سەلەفیەکان لە شاری سلێمانی وتی" لە دوای نوێژی عیشا من لە مزگەوت هاتمە دەر یەکێک لە فەقێکان ڕایگرتم پرسیاری لێم هەبوو گوێم لەدەنگێک بوو زانیم نارنجۆکێکە تەقیوەتەوە بەوهۆیەوە ئەو فەقێیە و منیش و دووانی تر برینداربووین."

د. عەبدوللەتیف سەلەفی
د. عەبدوللەتیف سەلەفی

وتیشی "ناتوانم کەس تۆمەتباربکەم بە ئەنجامدانی و بڵێم لەگەڵ کەسێکی دیاریکراو کێشەم هەیە، بەڵام سەلەفیەت واتای کێشانی ڕێگای ڕاست کە ڕێگای ڕاستیش بگری تەجاوزەکان دێنە قسە."

د. عەبدوللەتیف ڕێبەری سەلەفیەکان ئەوەشی نەشاردەوە کە پێشتر هەڕەشەیان لێکراوە، لەو بارەیەوە وتی"پێشتر سۆفی و داعش و خەڵکانی بێ دین هەڕەشەیان لێکردوین، بەڵام ئەوەی دیارە هەڵدانی ئەو نارنجۆکە لەلایەن کەسانی شارەزاوە ئەنجامدراوە.

هەروەها دکتۆر خالید ئەحمەد سەلەفی لە ڕوماڵی ڕاستەوخۆی سۆشیاڵ میدیای دەنگی ئەمەریکا ئەویش وتی "بەپێی وتەی نوێژخوێنان و شاهێد حاڵەکان نارنجۆکەکە لەلایەن 2 کەسەوە هەڵدراوە و پاش هەڵدانی نارنجۆکەکەش هەڵهاتون و هەتا ئێستا دەستگیرنەکراون.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێکدا کە میدیاکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڵاویان کردۆتەوە، ئاماژە بەوە دەکات لە کاژمێر (٩:١٠ ) ی شەوی ( ١٦/٦/٢٠١٧) نارنجۆکێکی دەستی هەڵدراوەتە حەوشەی مزگەوتی بەهەشت لە گەڕەکی ئیبراهیم ئەحمەد.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ئەوەشی خستۆتەڕوو کە لە ئەنجامدا 3 کەس برینداربوون، خۆشبەختانە برینەکانیان سوکە، هێزەکانی ئاسایش دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکرد، لە دوای دەستکەوتنی هەر سەرەداوێک رای گشتی لێ ئاگادار دەکەینەوە.

XS
SM
MD
LG