Accessibility links

رەفیق سابیر: وڵاتانی کەنداو مەلاو ئیمامی توندڕەو و جیهادیان ناردووە بۆ مزگەوت و قوتابخانە ئیسلامییەکانی بەریتانیا و ئەوروپا


دکتور ڕه‌فیق سابیر

پاش ئەو کردەوە تیرۆریستیانەی داعش لە ئەوروپا و بەتایبەتی لەبەریتانیا، بیرمەندان و شرۆڤەکارانی ئەروپایی و وڵاتانی جیهان و کورد سەرقاڵی خوێندنەوە و دۆزینەوەی رایەڵە گرنگ و پڕ مەترسییەکانی ئەم کارە تیرۆریستیانەن هەم لەڕووی ئاسایشی و سەربازییەوە، هەم لەڕووی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە. تێکڕا ناوەندەکانی توێژینەوە و تاووتێکردنی پرسی تیرۆر لەسەروەختی سەرهەڵدانی داعشەوە تا ئەوڕۆکە سەنگیان خستۆتە سەر کۆمەڵێک لایەنگری ئاسایشی و سەربازی، بەڵام ئەوەی غایبە یان کەمتر بایەخی پێدەدرێت قوڵبونەوەیە لەو رەهەندە ئایدۆلۆژی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیانەی کە لەپشت داعشەوەیە و بۆتە سەرچاوەیەکی مەترسیداری هێز و رایەڵەی تیرۆریستی.

ئاسۆ جەبار بۆ هەفتەنامەی رەهەندەکان وتووێژێکی لەگەڵ نوسەر و روناکبیر دکتۆر رەفیق سابیردا سازکردووە.....

رەفیق سابیر دەڵێت "ئەو کارە تیرۆریستیانەی کە لەبەریتانیا روویاندا؛ شتێکی زۆر سەیر نەبوو. چاوەڕوانکراوبوون. کۆتایی ئەو جۆرە کارانەش نیە لەبەریتانیا و هەندێک وڵاتانی دیکەی ئەوروپاش."

دەشڵێت "ئەوەی بەریتانیا لەوڵاتانی دیکە جیادەکاتەوە، ئەوەیە بەریتانیا لەکۆتاییەکانی سەدەی رابردووەوە بۆتە سەنتەرێکی گرنگی ئیسلامی سیاسی و مۆڵگەی حیزبی برایانی موسڵمان و هەموو ئەو رێکخراوە توندڕەوانەی کە لەوان جیابونەتەوە."

هاوکات رەفیق سابیر دەگەرێتەوە بۆ کۆمەڵێک هەڵکەوتەی مێژوویی و دەڵێت "بەشێکی سەرکردەی ئەو رێکخراوە ئیسلامیە توندڕەوانە هەر لەهەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە کە لەمیسر و ئوردون و هەندێک وڵاتی دیکەی ئیسلامی هەڕەشەی گرتنیان لەسەر بووە یان کارێکی تیرۆریستیان ئەنجامداوە پەنایان بۆ بەریتانیا بردووەو لەبەریتانیاش زۆر بە سنگێکی فراوانەوە جێگەیان بۆ کراوەتەوە. هەرچەند ئەو وڵاتانە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی داوایان کردونەتەوە؛ بەڵام تەسلیمیان نەکردونەتەوە."

دەشڵێت "ئەمانە وەک میکرۆبێک وان لەکەش و هەوایەکی زۆر گونجاودا وەک ڤایرۆسێک بڵاودەبنەوە و گەشدەکەن و زیاتر دەبن."

رەفیق سابیر وردتر دەڕوانێتە گرفتەکەو باس لەوە دەکات کە "بە سەدان مزگەوت و قوتابخانە لەم وڵاتەو هەندێک وڵاتی ئەوروپادا، بە تایبەتی لە عەرەبستانی سعودییەو وڵاتانی کەنداوەوە دواتر لەتورکیاشەوە مەلاو ئیمامی توندڕەو و سەلەفی و جیهادیان هەڵدەبژارد، مامۆستای تایبەت و توندڕەو و جیهادیان دەنارد بۆ ئەو شوێنانە بۆ ئەوەی لەوێ گەنجان و مناڵان فێری توندڕەویی و رقبوونەوە بکەن لەهەر گروپ و ئاین و مەزهەبێک کە ئیسلامی نەبێت."

سەبارەت بە چارەنوسی ئیسلامییە توندڕەوەکان و داعشییەکان؛ دکتۆر رەفیق سابیر دەڵێت "ئەم بزوتنەوەیە دەمێنێت و لەناو فۆرمی نوێدا دەردەکەوێتەوەو وە لەجێگاو کاتی جیاوازدا خۆی پیشانادەدداتەوە. لەبەرئەوە بنەڕەتی کێشەکە ئەوەیە؛ دەبێت لەسەرچاوەکەیەوە وشک بکرێت."

XS
SM
MD
LG