Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: ناسر باباخانی


ناسر باباخانی
ناسر باباخانی

دەشێت لە زۆر باردا بتوانین پێگەی ڕۆشنبیری لە هەر ناوچەیەکدا بێت وەک پێوانەیەک بۆ کۆمەڵگەی کراوە و داخراو بەکاربهێنین، هەروەهاش بۆ زانینی ئاستی بەرەوپێشچونەکانی کۆمەڵگە.

دەمێکە گوتراوە لە هەر شوێنێک بیرێکی تاریک هەبێت، ڕۆشنبیری ئامادەیی دەبێت و بەرەنگاریشی دەبێتەوە. خۆ ئەگەر ئەم چەمکە زیاتر ورد بکەینەوە لەوانەیە ڕۆشنبیرێکی دوێنێ لە سەروەختێک لە سەروەختەکاندا بەپێی هەلومەرجە نوێیەکان ڕۆشنبیرێکی نوێ بەرەنگاری ببێتەوە و هەوڵی تێکشکاندنی چەمک و ڕەهەندەکانی بدات و بیرۆکە نوێکانی لەسەر دابمەزرێنێت.

ناکرێت ڕۆشنبیری وەک پیشە لێی بڕوانرێت لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەرکی هەیە. ئەرکی ڕۆشنبیر بەرەنگاربوونەوەیە لەگەڵ هزردا و لە پێناو هزری نوێدا، هەر بۆیەشە لە قۆناغە جیاجیاکانی پەرەسەندنی کۆمەڵگەکاندا ڕۆشنبیر بە کەسێکی یاخی لێی دەڕواندرێت.

دەشێت ئەو ژینگەیەی کۆمەڵگەی تیادا دەژی وەک بەشیکی گرنگ لە هەبوونی ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیر سەیر بکرێت.

با ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە نمونە وەربگرین، ئەم بەشەی کوردستان لە چەند هەرێمێک پێک دێت، بە دیالێکتە جیاوازەکانی زمانی کوردی دەئاخڤن، ئەگەرچی خوێندن بە زمانی خۆیان نییە چونکە دەسەڵاتدارانی ئێران هەرگیز ڕێگەیان نەداوە کورد بە زمانی خۆی بخوێنێت، هەر بۆیە دەشێت ئەم ڕێگەنەدانە وەک یەکێک لە تەگەرە گەورەکان دابنرێت لەبەردەم فەرهەنگی کوردیماندا.
((ئەڵبەت ئەم ڕێگەگرتنە ڕەهەندی سیاسیانەی خۆیشی هەیە بەڵام لەم بەرنامەیەدا باسمان لە بوارە فەرهەنگییەکەیە.))

میوانی بەرنامە:

ناسر باباخانی، نوسەر و لێکۆڵەر.

زمان لە سەرو هەموو پێوانەکانەوەیە بۆ گیان و بۆ جەستەی نەتەوە و هەروەها لە فەرهەنگی نەتەوەشدا ڕۆڵێکی ئێجگار گرنگی هەیە لە خستنە ڕووی ئەو ناسنامە فەرهەنگییەدا.

زۆر جار لەگەڵ ناسر باباخانی کە میوانی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدایە، باسمان لەم بابەتە کردووە هەروەهاش تەرخانکردنی بەرنامەیەکی ژیان لە فەرهەنگدا بۆ ئەم بابەتە.
ئەڵبەت ناکرێت بەرنامەکەمان بەبێ باسکردنی ڕۆڵی ئەنجومەنە ئەدەبییەکان بێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

دەتوانم بڵێم ئەم ئەنجومەنانە توانیویانە قۆناغێکی نوێ لە فەرهەنگی کوردیماندا بێننە ئاراوە و لە یەک کاتدا پەرەیەکی زیاتر بە نوسین و خوێندنەوە و هزریش بدەن.

ئایا پرسی فەرهەنگی لە هەموو هەرێمەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا وەکو یەکە؟

ئایا ئەنجومەنە ئەدەبییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان توانیویانە برەو بە ڕۆشنبیری بدەن لەو بەشەی کوردستاندا؟

ئایا "هزر" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاسانی دەتوانێت خۆی لە کاریگەرییەکانی ئاین و ئاینزاکان دەربکات؟

ئایا ئەنجومەنە ئەدەبی و فەرهەنگییەکان توانیویانە یان دەتوانن نەوەیەک لە نوسەری ڕچەشکێن بەرهەم بێنێت؟

ئایا کارکردنی ئەنجومەنە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێناسەی نوێی پێیە بۆ ژیان و کۆمەڵگە و مرۆڤ؟

ناسر باباخانی، نوسەر و لێکۆڵەر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:24:18 0:00

XS
SM
MD
LG