Accessibility links

فڕۆکەیەکی ئەڵمانی بەر لەگەیشتنی بۆ شوێنی مەبەستی دەنیشێتەوە


پۆلیسی ئەڵمانیا لێکۆڵینەوە لەگەڵ سێ هاوڵاتی بەریتانیدا دەکات پاش ئەوەی لەمیانەی گەشتێکی ئاسمانی لە ئەڵمانیاوە بۆ لەندەن سەرنشینانی نێو فڕۆکەکە گوێ بیستی قسەکانی ئەو سێ کەسە دەبن، ئەوەش وای کرد کە فڕۆکەوانەکە لە شاری کیولنی ئەڵمانیا فڕۆکەکە بنیشێنێتەوە. ئەم ڕووداوە لە درەنگانێکی دوێنێ شەممەدا بووە.

لەو بارەیەوە گوتەبێژی پۆلیسی شاری کیولن دەڵێت ژمارەیەک لە سەرنشینەکان کە خەڵکی سلۆڤینیا بوون گوێیان لێبووە کە ئەو سێ کەسە بەریتانیە باسیان لە مەسەلەی تیرۆرستی کردووە و تەمەنی ئەو سێ کەسە 31 ساڵ و 38 و 48 بووە.

گوتەبێژەکەی شاری کیولن بە ئاژانسی هەواڵەکانی ئەسۆسییەت پرێسی گوتووە کە پۆلیسی شارەکە جانتای کۆڵە پشتی یەکێکیانی لە ناوبردووە دەشڵێت بەڵام هیچ تەقەمەنیەکی تێدا نەبووە.

هاوکات گوتەبێژەکە دەشڵێت لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو سێ کەسە بەریتانیە بەردەوامە بۆ ئەوەی بزانن کە ئایا ئەو سێ کەسە بە نیازی پلانرێژی بۆ کاری تیرۆرستی بوون یان بە پێچەوانەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە ڕەنگە ئەو سێ کەسە بێئاگایانە و بێ هیچ مەبەستێک باسیان لە مەسەلەی تێرۆرستی کردبێت. گوتەبێژەکەی پۆلیسی شاری کیولن گوتیشی دوای ئەوەی فڕۆکەکە دەنیشێتەوە ، لە میانەی پرۆسەی دابەزینیان ، ژمارەیەک لەسەرنشینانی بە سوکی بریندار دەبن و پێدەچیت لە درەنگانێکی ئەمڕۆدا گەشتەکەیان بۆ لەندەن تەواو بکەن.

XS
SM
MD
LG