Accessibility links

عەلی ئەلئەدیب: ڕەوشی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و نێونەتەوەییش نەگونجاوە بۆ سەربەخۆیی کوردستان


عەلی ئەلئەدیب
عەلی ئەلئەدیب

زۆرێک لە چاودێر بە دووری نازانن لە قۆناغەکانی پاش ڕزگارکردنی موسڵ کێشەی تری ئاڵۆز لە عێراقدا و بە تایبەتیش لە موسڵ و ناوچەکانی دەوروبەریدا بێنە ئاراوە.

یەکێک لەو کێشانەی بەردەوام لە نێوەندە ئاسایشییەکانی عێراقدا ئاماژەی پێدەکرێت شانە نوستووەکانی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامین لەو ناوچانەی پێشتر داگیریان کردبوون.

وەزیری خوێندنی باڵای عێراق، هاوڕایە و دەشڵێت ژمارەیەک کێشەی تریش هەن بۆ ئایندەی موسڵ و عێراقیش خراپن، لەوانە ئەو سەختییانەی ڕووبەڕووی عێراق دەبنەوە لە بواری پەروەردەییدا و هەروەهاش خواستە سیاسییەکانی لایەنە ناکۆکەکانی وڵاتەکە.

عەلی ئەلئەدیب: پێویست بە ئەنجومەنێکی سیاسی تایبەت هەیە لە دەرەوەی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ و دووریش لە شێوازی کلاسیکیانەی بەڕێوەبردن.

عەلی ئەلئەدیب، کە یەکێکیشە لە ئەندامە باڵاکان و بڕیار بەدەستەکانی پارتی دەعوەی ئیسلامی، دەڵێت خواستەکانی تورکیا، خواستەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مانەوە لەو شوێنانەی بە ناوچە جێناکۆکەکان دادەنرێن، دۆسێکانی کریستیان و شەبەک و تورکومان و ئێزدیەکان و چەندان گرفتی تریش هەن دەبێت کاریان لەسەر بکرێت و پارێزگاری لەم دەنگ و ڕەنگە جیاوازانەی ناوچەکە بکرێت و دەشڵێت ئەگەر وەها نەکرێت ئەوا جارێکی تریش دانیشتوانی ئەو ناوچانەی موسڵ ڕووبەڕووی پەشۆکانێکی تر دەبنەوە و دەشبێتە هۆکارێک تا دانیشتوانی ناوچە ئازادکراوەکان نەگەڕێنەوە زێدی خۆیان و ئەمەش دەبێتە مایەی گۆڕانکاری لە دیمۆگرافیای ئەو ناوچانەدا.

عەلی ئەلئەدیب سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی موسڵ دەڵێت هەر کاتێک حکومەتی عێراق متمانەی هەبوو کە ڕەوشەکە کەوتۆتەوە باری ئاسایی و بەڕێوبەرایەتی خۆجێیی کەوتەوە سەر کاری خۆی ئەوا حەشدی شەعبی دەکشێتەوە، وە دەشڵێت کۆنترۆڵ کردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکان و مانەوەی هێزەکان تیایاندا گرنگە بۆ ڕێگەگرتن لە جموجۆڵی خانە نوستووەکانی داعش.

ئەم ڕەوشە چاوەڕوانکراوە لە عێراقدا لە دەمێکدایە هێشتا لەو وڵاتەدا ژمارەیەک کێشەی ناوخۆیی هەن بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، لەوانە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە ڕیفراندۆم بکرێت بۆ سەربەخۆیی.

عەلی ئەلئەدیب دەڵێت بەغدا هەموو جموجۆڵێک ڕەت دەکاتەوە کە ببێتە مایەی جیابوونەوە یان هێنانە ئارای کێشەیەکی تر لە پاش داعش، وە دەشڵێت پێدەچێت بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بخوازن سود لەو دەرفەتە ببینن کە حکومەتی نێوەندی لە بەغدا سەرقاڵی کاری سەرەکی ترە.

لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ عەلی ئەلئەدیب، وەزیری خوێندنی باڵای عێراق، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:35 0:00

XS
SM
MD
LG