Accessibility links

ئیسماعیل خەیات هونەرمەندی شێوەکار لەگەڵ مێژووە دێرینەکەیدا خاوەنی داهێنان و تایبەتمەندێتی خۆیشیەتی لە هونەری شێوەکاریدا بە شێوەیەک لەناو سەدان تابلۆدا، تابلۆی هونەرمەند ئیسماعیل خەیات ناسنامەی خۆیت پێشکەش دەکات.

لە پێشانگاکانیدا جا لە هەر شوێنێک بێت دواترین تابلۆ پڕ داهێنەکانی خۆی نومایشت دەکات و داستانی ماسیە ڕەش و سپییەکان و چیرۆکی بەردی ئەو بنار و ئەو گوێ ئاوانە و سەفەری باڵندەکانمان دەخاتە بەر دیدی بینەرانی. هەر بۆیەشە بەردەوام تابلۆکانی ئەم هونەرمەندەمان جێی سەرنج و سەرسامی بینەرانین.

ئیسماعیل خەیات، بەردەوام لەگەڵ خەونە هونەرییەکانیدا ژیاوە، خەونێک سنورە کوردانەکەشی بۆ مەودایەکی دوورتر تێپەڕاندووە و لە دەروازەکانی هونەرەوە بە خەم و کارەسات و خۆشی و سروشتی کوردستانەکەیەوە چۆتە ناو بەجیهانی بوونەوە.

کاتێک لە هێڵکارییە ڕەش و سپییەکانی ئیسماعیل خەیات ورد دەبینەوە دەکەوینە بەردەم ژمارەیەک خوێندنەوەی جیاواز کە هەر هەموو ئەو خوێندنەوانە لەسەر بنەمای دوو ڕەهەندی جیاواز دەکەونە دیالۆگ لەگەڵ هزری بینەرانیدا، یەکەمیان ئەوەیە ئایا ئەم هونەرمەندە دەخوازێت بە هێڵە سپییەکان ڕووی ڕەنگی ڕەش پێناسە بکات؟! دووهەمیشیان ناکرێت لەسەر پانتاییە سپییەکان ڕەنگی رەش فەرامۆش بکرێت.

دەمامک لای ئیسماعیل خەیات یەکێکە لەو تەکنیکانەی ئامادەییەکی زۆری هەیە لە هونەرەکەیدا و لە هەر یەکێکیاندا ڕووداوێک و دەموچاوێکمان نیشان دەدات، ئاشتییەکمان پی دەناسێنێت و شەڕێکمان بۆ بە نەفرەت دەکات، لەو دەمامکانەدا هەر جارە و باس لە دۆستێک یان لە دوژمنێک دەکات و هەر هەمووشیان پێکەوە ژیانمان بۆ دەخوێننەوە.

دەکرێت بگوترێت تەمەنی هونەریی ئەم هونەرمەندەمان زیاتر لە نیو سەدەیە و لە زۆر وڵاتی جیهاندا پێشانگای کردۆتەوە و جیهانە هونەرییەکی خۆیی نومایشت کردووە کە لە هەر یەکێکیاندا لە ڕێی بەکارهێنانی ئامڕازە جۆراوجۆرەکانی دەربڕینەوە، داهێنەرانە باسی لە نۆژەن کردنەوەی ژیان کردووە.

ئایا هێڵکاری ڕەش و سپی لای ئیسماعیل خەیات خۆی چ مانایەکی هەیە؟

وەک چۆن پڕۆژە هونەرییەکان خاڵی دەستپێکیان هەیە، ئایا کۆتاییان هەیە؟

ئیسماعیل خەیات هونەرمەندی شێوەکار لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

XS
SM
MD
LG