Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ئێران و پشتیوانی لە ناسەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست


وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر تەقینەوەکەی کابوڵ، ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران و میدیای ئەو وڵاتەش لۆمەی سیاسەتەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەروەهاش بوونی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکایان کرد لە ئەفغانستاندا.

ئێران لە کاتێکدا بە وڵاتێکی پشتیوانکار و سەرپەرشتکاری تێرۆریزم دادەنرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڵام دەڵێت هۆکاری گەشەکردنی توندڕەوی و نەبوونی سەقامگیری ئەفغانستان دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا.

میوانی بەرنامە:
دکتۆر حوسەین خەلیقی، سەرۆکی ئەنستیتۆی کورد لە سوید

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت "تەکفیریە تێرۆریستەکان سنور ناناسن" هەروەها داواشی لە حکومەتەکانی وڵاتانی ناوچەکە کردووە تا پێکەوە شەڕی دژی تێرۆریزم بکەن نەک هەوڵی بەدەستهێنانی یارمەتی لە لایەنێکی دەرەکییەوە وەک ئاماژەیەک بە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە نزیکەی هەشت هەزار سەربازی لە ئەفغانستاندا هەیە.

دەمڕاستی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوە کردووە بەکارهێنانی گەورەترین و بەهێزترین بۆمب، ئەوەی پێی دەگوترێت دایکی بۆمبەکان لە لایەن ئەمریکاوە لە ئەفغانستاندا، ئاگری توندڕەویی و تێرۆریزمی لە ناوچەکەدا خۆشکرد.

ڕاگەیاندن و لێدوانەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەرچۆنێک بن، نەبوونەتە مایەی متمانە و دڵنیایی گەورە کاربەدەستانی ئەفغانستان.

ئەفغانیەکان دەڵێن حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ سەرکردەکانی تێرۆریستانی تاڵیباندا قوڵتر کردۆتەوە و دابین کردنی چەک و دارایی بۆ تاڵیبانەکان زیاتر کردووە و داڵدەدانیشی بۆ ڕەخساندوون، بە تایبەتیش لەو سێ هەرێمەی ئەفغانستاندا کە هاوسنوری ئێرانن.

کاربەدەستانی ئەفغانستان ئەوەشیان نەشاردۆتەوە وەک دەڵێن سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وە بە تایبەتیش هێزی قودس، سەربازگەی تایبەتی مەشق و ڕاهێنان پێکردنی توندڕەوان لەناو ئێراندا بەڕێوە دەبات وەک هەوڵێکی تری ئێران بۆ ئاگر خۆشکردنی یاخیبوون و ئاڵۆزکردنی هەوڵەکانی بۆ سەقامگیری دەدرێن لە ئەفغانستاندا.

سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژە بە پەیوەندی ڕاستەوخۆی تاڵیبانەکان و ئێران دەکەن. بەرپرسێکی تاڵیبان بە ڕۆژنامەی (ئێکسپرێس تریبیون) ی پاکستانی وتووە مولڤی موحەمەد کە ڕێبەرێکی کۆنی تاڵیبانە نێردراوی تاڵیبان بووە لە تاران. بێ لەوەش شاندێک بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم سەدر، سەرۆکی ئەنجومەنی لەشکری تاڵیبان سەردانی ئێرانی کردووە بە مەبەستی بەدەستهێنانی پشتیوانی لەشکریی، دەشگوترێت کاتێک مەلا مەنسور، کە یەکێک بووە لە سەرکردە لەشکرییەکانی تاڵیبان لە تاران دەگەڕایەوە بە هێرشێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا لەناو خاکی پاکستاندا کوژرا.

ئێران پشتیوانێکی سەرەکی ڕژێمەکەی بەشار ئەلئەسەدە لە سوریا، پاڵپشتێکی بەهێزی حیزبوڵای لوبنانە و دەستێوەردانێکی بەرچاوی هەیە لە عێراقدا، بە ئەندازەیەک کە دەگوترێت خاوەنی بڕیارە لەو وڵاتەدا، هەروەها کۆماری ئیسلامی ئێران کنەکردنێکی زۆری هەیە لە ڕووداوەکانی وڵاتی یەمەن و کێشەکانی ناو بەحرەین و چەندان شوێن و ناوچەی تریش لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا.

ئایا ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانن یارمەتیدەری بن لەوەی ئێران وڵاتێکی پشتیوان و سەرپەرشتکاری تێرۆریزم نییە؟
ئایا ئێران دەتوانێت ببێتە مایەی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟
ئایا دەستێوەردانەکانی ئێران لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا تا چ ئەندازەیەک ڕەنگدانەوەی کێشە ناوخۆییەکانیەتی؟

(دکتۆر حوسەین خەلیقی) سەرۆکی ئەنستیتۆی کورد لە وڵاتی سوید لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا) وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:27:16 0:00

XS
SM
MD
LG