Accessibility links

بەڕێوەبەری کەناڵی NRT لە بارەی فەرمانی دەسـتگیرکردنەکەی دەدوێت

  • Jani Diylan

ماوه‌ی چه‌ند مانگێکه‌ کێشه‌ی ئه‌و پیاوه‌ هه‌ژاره‌ی شاری کفری که‌ گوایه‌ به‌ دزی شیر و داێپه‌ر (diaper) بۆ مناڵه‌که‌ی تاوانبار کراوه‌ له‌ میدیاکاندا ده‌سۆرێته‌وه‌. شایانی ئاماژه‌ پێکردنه وه‌کو باس ده‌کرێت ‌ کۆی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی وه‌ ئه‌و دزیانه‌ که‌ ئه‌و پیاوه‌ کردوویه‌تی ناگاته‌ پول و پاره‌ی ژمێکی خواردنی ئه‌و دزه‌ گه‌ورانه‌ی که‌ ئازادانه‌ له‌ هه‌رێمه‌که‌دا ده‌سۆرێنه‌وه‌.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زۆری میدیاکان له‌ هه‌رێمی کوردستان ئه‌و بابه‌ته‌یان وروژاندووه‌ و باسیان له‌سه‌ر کردوون، به‌ڵام له‌م‌ میانه‌دا وه‌کو باس ده‌کرێت ته‌نها ته‌لەفیزیۆنی NRT و په‌یامنێراه‌کانی له‌گه‌ڵ دادگاکاندا تووشی ده‌رده‌ سه‌ری بوونه‌ و ئاڕاسته‌ی دادگا کراون و بگره‌ یه‌کێک له‌ په‌یامنێره‌کانی NRT یش ئێستاکه‌ له‌ زینداندایه‌.

ئاوات عه‌لی به‌رێوه‌به‌ری گشتی ته‌لەفیزیۆنی NRT له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێکدا له‌گه‌ڵ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت " ئه‌و که‌یسه‌ هاووشێوه‌ی که‌ناڵه‌ میدیاکانی تر NRT یش کاری له‌سه‌ر کردووه‌، لێدوانی له‌ که‌س و کاری ئه‌و پیاوه‌ وه‌رگرتووه‌، له‌ هه‌مان کاتدا لێدوانی له‌ لایه‌ن دادوه‌ر و پۆلیسیشی وه‌رگرتووه‌ که‌ که‌س و کاره‌که‌ی ده‌ڵێن به‌ هۆێ دزینی شیر و داێپه‌ر حوکم دراوه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ به‌ کۆتایی گه‌یشتووه‌ و بریاری دادگاش ده‌رچووه‌ و لایه‌نی پۆلیسیش ئه‌ڵێ هه‌ندێ که‌سیشی تری هه‌بوه‌، بۆیه‌ به‌ تێکرا سزاکه‌یبه‌سه‌ردا سه‌پێندراوه‌، NRTئه‌مه‌ی بڵاوکردوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام دادوه‌ری دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی که‌لار هه‌ستاوه‌ به‌ تۆمارکردنی داوای یاسایی له‌سه‌ر په‌یامنێره‌که‌ی کفری ئارام وه‌ هه‌ر وه‌ها من وه‌کو به‌رێوه‌به‌ری گشتی NRT ".

کاک ئاوات هه‌ر وه‌ها ده‌ڵێت " لێره‌دا قسه‌کردنی ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ بۆ ده‌عوایان تۆمار کردووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تۆمارکردنی داوای یاسایی مافی ساده‌ی هه‌موو که‌سێکه‌، به‌ڵام یاسای ژماره‌ 35 کاری رۆژنامه‌نووسی له‌ هه‌رێمی کوردستان ئه‌ڵێ " به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک نابێ رۆژنامه‌نووس ده‌ستگیر بکرێ" وه‌ هه‌ر وه‌ها نابێ ده‌ستبه‌سه‌ر بکرێ ئه‌گه‌ر سه‌ندیکا وه‌ یاخود حکومه‌ت ئاگاداری لێ نه‌کرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م دادوه‌ره‌ که‌ داواێ تۆمار کردووه‌ و سه‌رۆکی دادگایه‌ و دادگاه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌کانی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆێ به‌ کار ده‌هێنێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و دادوه‌رانه‌ی که‌یسه‌که‌ ده‌بینن بریاری ئه‌وه‌یان داوه‌ فه‌رمانی ده‌ستگیرکردن بۆ ئارام ده‌ربکه‌ن وه‌ هه‌ر وه‌ها فه‌رمانی ده‌ستگیرکردن بۆ من و هه‌ر وه‌ها بچم بۆ گه‌رمیان له‌ کاتێکدا من و ئارام له‌ گه‌رمیان هه‌ڕشه‌ی کوشتنمان لێکراوه‌ وه‌ ئه‌و که‌سانه‌ چه‌کدارن، چۆن بچم بۆ گه‌رمیان و کێ پاراستنی ژیانی من ئه‌کا".

کاک ئاوات ده‌شڵێت " ئه‌وان که‌ کێشه‌ و گرفت بۆ ئێمه‌ درووست ده‌که‌ن، بۆ نه‌چوون له‌سه‌ر که‌ناڵه‌ حیزبیه‌کان داوا تۆمار بکه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌مان ئیشیان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ کردووه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی NRT ته‌نها که‌ناڵی( ئه‌هلی) بێلایه‌نه‌، NRT سه‌ر به‌ پارته‌کان نییه‌ و که‌سه‌ گه‌وره‌کانی ناو ده‌سه‌ڵات و پارته‌کانی له‌ پشته‌وه‌ نییه‌، بۆیه‌ گرفت بۆ NRTدرووست ئه‌که‌ن و ناتوانن بۆ شوێنه‌کانی تر هیچ بکه‌ن".

XS
SM
MD
LG