Accessibility links

هاووڵاتییەکی ئەڵمانی و پاسەوانە ئەفغانیەکەی لە کابول دەکوژرێن


منداڵێکی ئەفغانی لەو شوێنەی کە هاووڵاتییە ئەڵمانیەکەی لێ کوژراوە
منداڵێکی ئەفغانی لەو شوێنەی کە هاووڵاتییە ئەڵمانیەکەی لێ کوژراوە

چەند چەکدارێکی نەناسراو کارمەندێکی هاوکاری مرۆیی ئەڵمانی و پاسەوانە ئەفغانییەکەیان لە کابولی پایتەختی وڵاتەکە کوشتووە و پاشان ژنێکی فینلەندیشیان ڕفاندووە کە بۆ ڕێکخراوێکی هاوکاری کردن کاری دەکرد.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فینلەندا ئەوەی پشتڕاست کردۆتەوە کە ئەو ژنە ڕفێندراوەو هەتا ئێستاش هیچ زانیاریەک سەبارەت بە ڕفێنەرەکانی نییە. هیچ کەس و لایەنێکیش بەرپرسیارێتی نەگرتۆتە ئەستۆ.

وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانی دەڵێت توندوتیژییەکە لە نیوەشەودا لە بەردەم ڕێکخراوی خێرخوازی سویدی لە سەر شەقامی دارولئەمانی پایتەخت ڕوویداوە. گوتەبێژی وەزارەتەکە نەجیب دانش دەڵێت کەسێکی بیانی تر ڕزگار کرا و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.

ڕووداوی ڕفاندن بۆ پارە لە کابول لە مێژە ئاستەنگێکی گەورەیە لە بەردەم کاربەدەستانی ئاسایشی ئەفغانی و ئەمەش بۆتە هۆی مەترسی بۆ بیانییەکان کە بە ئازادی هاتوچۆ بکەن.

لەلایەکی ترەوەو لە ڕووداوێکی جودادا یاخیبوانی تالیبان 20 پۆلیسی ئەفغانیان کوشتووە و بەلایەنی کەم 12 کەسی تریان بریندار کردووە لە پارێزگای زابولی باشوری وڵاتەکە.

پارێزگاری هەرێمەکە بیسمیلا ئەفغانمال بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەو ڕووداوە لە ئێوارەی شەممە ڕوویداوە کاتێک یاخیبوەکان هێرشێکیان کردۆتە سەر خاڵێکی هێزەکانی ئاسایش.


XS
SM
MD
LG