Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: کورد لە هاوکێشە نوێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا


ژمارەیەک کۆبوونەوەی گرنگ لەم دوو سێ ڕۆژەی ڕابردوودا کراون لەسەر دۆسێی سوریا، لەوانە؛ کۆبوونەوەکانی مۆسکۆ و ئانکەرە، مۆسکۆ و بەرلین، پەیوەندی تەلەفونی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی ڕوسیا، هەروەهاش کۆبوونەوەی ئاشتیانەی ئەستانە.

ئەنگێلا مێرکڵ و ڤلادمیر پوتن لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە دۆسێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردوە، هەرچەندە حکومەتەکانی هەردوو وڵات جیاوازییەکی زۆریان هەیە لەسەر دۆسێی سوریا. مۆسکۆ هەرە بەهێزترین هاوپەیمانی بەشار ئەلئەسەد سەرۆکی سوریایە، لە دەمێکدا بەرلین بە ئاشکرایی و ڕاشکاوی داوای لابردنی ئەسەد دەکات لە دەسەڵاتدا.

بەڵام بەر لەو کۆبوونەوەیە کاربەدەستانی ئەڵمانیا دانیان بەوەدا ناوە پرۆسەی ئاشتی لە سوریادا بەبێ بەشداری ڕوسیا کە بە "ڕزگارکەری ڕژێمەکەی بەشار ئەلئەسەد" ناودێریان کردووە،نایەتە ئاراوە.

سەرچاوەکان لە ئەڵمانیا ئاماژەیان بەوە کردووە، دەشێت بەشێکی کۆبوونەوەی مێرکڵ-پوتن بە مەبەستی هەوڵێکی ڕژد بێت تا سەرۆکی ڕوسیا ڕێگە بە وڵاتانی تری بیانی بدات بەشداربن لە دانوستاندنەکانی ئاشتی سوریادا.

لە ئێستادا کۆبونەوەکانی ئەستانە بەڕێوە دەچن (ئەمڕۆ پێنجشەممە دووهەم ڕۆژی کۆبوونەوەکانە) ڕوسیا لە هەوڵی هێنانە ئارای ئاگربەستێکی تۆکمەدایە لە نێوان لایەنە بەشەڕچووەکاندا و لەم کۆبوونەوانەدا تەنها تورکیا و ئێران بەشدارن.

ستیڤان دی مەستورا، نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا لە لێدوانەکانی ئەم دواییەیدا دانی بەوەدا ناوە هەوڵەکانی پێشتر بۆ ئاشتی دراون، شکستیان هێناوە و هیچ بەرەوپێشچوونێکیش بەدی نەکراوە و ئەو دانوستاندنانەش کە ڕوسیا بەڕێوەیبردوون ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە.

لە یەکەم پەیوەندی تەلەفونیدا لەوەتای هێرشە موشەکییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو هێزانەی مۆسکۆ پشتیوانییان دەکات لە سوریادا، دانۆڵد ترامپ سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا قایل بوو بە ناردنی نوێنەرێک بۆ کۆبوونەوەکەی ئەستانە کە ڕۆژی چوارشەممە دەستی پێکرد، بێ لەوەش باسیان لە دیدارێک کردووە تا لە مانگی حەوتدا و لە ئەڵمانیا کۆببنەوە.

ئاماژەکان وەها نیشان دەدەن لەسەر دروستکردنی هەرێمێکی پارێزراو لە سوریادا جیاوازی هەبن. لە ڕاگەیاندنێکی کۆشکی سپیدا باس لە وتووێژی هەردوو سەرۆک کراوە لەسەر دیاریکردنی ئەو هەرێمە، بەڵام لە ڕاگەیاندنەکەی کرملندا هیچ باسێک لەو هەرێمە پارێزراوە نەکراوە و دەمڕاستی ڤلادمیر پوتن دەڵێت ئەو بابەتە بە وردی قسەی لەسەر نەکراوە.

میوانی بەرنامە:

سەردار عەبدوڵا، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی

سەرۆکی تورکیا و سەرۆکی ڕوسیا وەک لە ڕاگەیاندنەکانیشدا باس کراوە لەگەڵ پێکهێنانی ئەو هەرێمە پارێزراوەدان لە سوریای بە شەڕ وێرانبوودا.

لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی چوارشەممەیاندا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ڤلادمیر پوتن هیوای خۆیان دەربڕی حکومەتی سوریا و ئۆپزسیۆن پێشنیازە نوێیەکان بۆ هێورکردنەوەی قەیرانی سوریا پەسەند بکەن کە شەش ساڵە بەردەوامە و بە سەدان هەزار کەسی تیادا کوژراون و بە سەدان هەزار کەسی تریش ئاوارە بوون.

ئانکەرە و مۆسکۆ بەشداریەکی قوڵیان هەیە لە شەڕی سوریادا و هەردوو وڵات هێزی خۆیانیان لەسەر زەوی ئەو وڵاتە هەیە.

لە ئێستادا ڕژێمی سوریا دەستی گرتۆتەوە بەسەر بەشێکی زۆری وڵاتەکەدا و لەگەڵ تەواوی ئەو هەوڵە دیپلۆماسیانەی دەدرێن هیچ ئاماژەیەک لە ئارادا نییە بۆ ڕاگرتنی شەڕ، بەڵام بە ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ دەگوترێت لە ڕاڕەوەکاندا باس لە ئەگەرەکانی گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا دەکرێت.

زۆرێک لە سیاسییەکانی کوردیش باسیان لەو ئەگەری گۆڕانکاریانە کردووە، بەڵام ناڵێن چۆن و چی دەبن.
کورد بەشێکی سەرەکی شەڕی دژی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی بووە، و ئێستاش لە ڕۆژئاوای کوردستان، کورد هێزی سەرەکی (هێزەکانی سوریای دیموکرات) ە کە ئەمریکا پشتیوانی دەکات و پێشڕەوییەکی بەرچاویشی کردووە لە شەڕی ڕزگارکردنی شاری ڕققە پایتەختی دیفاکتۆی دەوڵەتی خەلافەت.

زۆرێک لە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق جەختیان دەکردەوە کە کورد لە بری کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی شەڕی دژی داعش دەکات و پارێزگاری لە ئاسایشی ناوچەکە و ئاسایشی نێونەتەوەییش دەکات.

لەگەڵ ئەم هەموو جۆرە لێدوانانەدا بەڵام کورد بەشدار نییە لە هیچ یەکێک لەو وتووێژانەدا و وەک هەندێک لە شیکەرەوە باسی دەکەن لەو کۆبوونەوانەدا کورد پەراوێزخراوە لەبەر دوو هۆکار، یەکەمیان فشاری وڵاتانی ناوچەکەیە و دووهەمیشیان هۆکارە ناوخۆییەکانە و شکستهێنانی لە دۆزینەوەی چارەسەریە بۆ گرفت و ئاڵۆزیە سیاسییەکانی نێوان لایەنەکانیەتی، وەک دەگوترێت هێندەی ئەوەی کورد خۆی بە کێشە لابەلا ناوخۆییەکانیەوە سەرقاڵ کردووە، هێندە ئاگاداری ئاڵوگۆڕەکان نییە لە هاوکێشەکانی ناوچەکەدا.

ئایا دۆسێی کورد لە کوێی ئەم کۆبوونەوانەدان؟
کاتێک دەگوترێت گۆڕانکاری بەڕێوەن، ئایا ئەو گۆڕانکاریانە چین کە باسدەکرێن؟
ئایا کورد دەبێتە فاکتەری گۆڕانکارییەکان یان هەر لە چاوەڕوانیدا دەبێت؟
ئایا مۆسکۆ و ئانکەرە پێکەوە و بەبێ بوونی واشنتۆن دەتوانن هاوکێشەکانی ناوچەکە بگۆڕن؟

سەردار عەبدوڵا، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:26:34 0:00

XS
SM
MD
LG