Accessibility links

سزادانى فەرمانبەرێک كاردانەوەى لێدەكەوێتەوە


حوكمدراوەكە تەمەنى (40 ساڵە) و فەرمانبەرى شارەوانى بووە، بەوتەى كەس و كارەكەى پیاوێكى دەستكورت بووە و پێشینەى خراپەكارى نەبووە، برسێتى منداڵەكانى ناچارى كردووە شیرودایبى بدزێت.

سەروەر محەمەد كەسى نزیكى حوكمدراوەكە، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"حوكمدراوەكە 4 منداڵى هەیە و مانگانە تەنها 150 هەزار دینارى لەحكومەت وەرگرتووە، بۆیە بەناچارى پەناى بۆ دزینى شیر و حەفازە بۆ منداڵەكانى بردووە."

وتیشى"كاتێك شیر و دایبى بۆ ماڵەوە بردووە منداڵەكانى لێیانپرسیووە لەكوێ‌ ى بووە، وتویەتى كە بەقەرز كریویەتى."

حوكمدراوەكە 13 دۆسیەى لەسەربووە و لە هەر 13 دۆسیەكەدا كەسەرجەمیان پەیوەندیان بەدزینى شیر و دایبى و پێداویستیەكانى ماڵەوە هەبووە، 11 ساڵ حوكمدراوە.

سەرجەم خاوەن دوكانەكان سكاڵاكانیان كشاندوەتەوە، تاوانبارەكە لەلایەن داواكارى گشتیەوە سكاڵاى لەسەر تۆماركراوە.

رائیدعەلى جەمال قەدورى وتەبێژى پۆلیسى گەرمیان، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"حوكمدراوەكە لەكاتى لێكۆڵینەوەدا وتویەتى دەستنەرۆیى ناچارى كردووە شیر و دایبى بۆ مناڵەكانى بدزێت."

حوكمدانى فەرمانبەرەكەى كفرى راى گشتى جوڵاندووە ،كاردانەوەى گەورەى لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا بەدواى خۆیدا هێناوەو رەخنەى ئەوەدەگیرێت كەیاسا تەنها بەسەر خەڵكى هەژار و كەم دەرامەتدا جێبەجێ‌ دەكرێت


.

XS
SM
MD
LG