Accessibility links

ئامێد سولەیمان: سەلەفیزم دابڕانی ئاینە لە هەموو بیرکردنەوەیەک

  • Balen Salih

ئامێد سوله‌یمان

بڵاوبوونەوەی کتێبێکی وەرگێڕدراو لە زمانی عەرەبیەوە بۆ کوردی 'فەتوای گەورە زانایان سەبارەت بە حەرامێتی شۆفێری کردنی ئافرەتان" مشتومڕیکی زۆری لە نێوەندەکاندا هێناوەتە ئاراوە و هەروەهاش پرسیارگەلێکی زۆر لەوانە ئایا کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بە فەتوا ئاینیەکانی کۆمەڵگەیەکی تر هەیە؟ بۆچی لەم کاتەدا ئەم کتێبە بڵاو دەکرێتەوە؟ ئایا سەلەفیزم خۆی چەندێک کاریگەری نەرێنی هەیە بەسەر ڕەوشی ئاینەکەیەوە؟

وەرگێڕان و چاپکردن و بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبە لە کاتێکدایە کۆمەڵگەی کوردی لە شەڕێکی قورسدایە لەگەڵ تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامیدا، داعش.

ئامێد سولەیمان، شارەزای کاروباری ئیسلامی سیاسی دەڵێت نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت هاتنی ئاینەکان بۆ ڕزگارکردنی خەڵکە لە زۆرداری و ستەمی نەتەوەیەکی تر و دەشڵێت لە ئێستادا کۆمەڵگەی کوردی لە نێوان بەرداشەکانی داعشیزم و سەلەفیە جیهادیەکاندایە و هەردووکیشیان وردە وردە لەناو کۆمەڵگەدا ئیش دەکەن و دەخوازن کۆمەڵگەی کوردی بکەنە کۆمەڵگەیەکی عەرەبی و کولتوری کوردیش بسڕنەوە.

لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، ئامێد سولەیمان ئاماژەش بە ڕۆڵی ڕێکخراوە سیڤیلیەکان و چالاکوانانیش دەکات بۆ چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردانە و دەڵێت کێشەی گەورە لەوەدایە بەشێکی زۆری ڕێکخراوەکانی ژنان تێگەیشتنیان نییە بۆ دۆسێی ژن و ناشزانن بۆچی ژن بە پلە دوو دانراوە و دەشڵێت پێویستە کار لەسەر ئەو تێگەیشتن و بیرکردنەوەیە بکرێت؛ کاتێک ژن دەچێتە ناو هەموو بوارەکانی ژیانەوە زەبر لێدانی ئاین نییە بەڵکو گورزێکە بە ڕووی ئەوانەی دەسەڵاتیان لە ئاینەوە وەرگرتووە.

ئامێد سولەیمان ئاماژەش بەوە دەکات کە ئەم دۆسێیە دوو جەمسەریە، هەم هزری و هەمیش سیاسی و دژایەتی عەرەبستانی سعودیە بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان بە نمونە دەهێنێتەوە.

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:

XS
SM
MD
LG