Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: تورکیای پاش ڕیفراندۆم


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا

لەگەڵ تەواوبوونی ریفراندۆمەکەی تورکیا و راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانیدا پرسیارگەلێکی زۆر هاتنە ئاراوە لەسەر ڕەوایی ئەو ڕیفراندۆمە کە بۆ دەسەڵاتدانی زیاتر بوو بە سەرۆکی وڵاتەکە.

جەهەپە کە بە ئۆپزسیۆنی سەرەکی تورکیا دادەنرێت، هەدەپە کە لایەنی سەرەکی کوردە و هەروەهاش حیزبی وەتەن لەو وڵاتەدا سکاڵایان لەسەر فێڵ و تەڵەکەکانی ئەو دەنگدانە تۆمار کردووە.

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە تورکیا دەڵێت پرۆسەی دەنگدانەکە تەواو و بێ گرفت بەڕێوەچووە.

ڕیفراندۆم لە نێو باری نائاسایی وڵاتەکەدا بەڕێوەچووە کە لەوەتای هەوڵی کودەتا سەرنەگرتووەکەی مانگی حەوتی ساڵی پارەوە بەردەوام درێژ دەکرێتەوە و لە پەیوەندیش بەو هەوڵەوە دەیان هەزار کەس لە تورکیادا دەستگیرکراون و دەیان هەزاری تریش لە کارەکانیان دەرکراون یان دوورخراونەتەوە.

لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیادا ڕەوشەکە خراپتر و ئاڵۆزتریشە، دەکرێت بگوترێت تەواوی ڕێبەرانی هەدەپە لە زینداندان، دەیان شارۆچکە و گوندی ناوچەکە بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی لەشکری تورکیاوە وێرانبوون، خەڵک لەو ناوچانەدا بە یاساکانی دژە تێرۆر دەستگیر دەکرێن و دادگایی دەکرێن.

لە دەمی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا لە میدیادا بە گشتی بانگەشە بۆ بەڵێ زاڵ بوو، چونکە زۆرێک لە ڕۆژنامە و نێوەندە میدیاییەکانی لەگەڵ دید و بۆچوونەکانی پارتی داد و گەشەپێدانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا نەبوون، بە بڕیاری حکومەتی تورکیا داخرابوون و دەنگی ئۆپزسیۆنی وڵاتەکە بە باشی نەدەگەیشت. سەرۆکی تورکیا و حکومەتیش تەواوی میتۆدەکانی دەوڵەتی تورکیایان خستبووە خزمەت دەنگی بەڵێ بۆ ئەو ڕیفراندۆمە.

میوانی بەرنامە:

دکتۆر سەردار عەزیز، پسپۆڕی بواری سیاسی.

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی ڕیفراندۆمەکە دەنگی بەڵێ بۆ دەستکاری کردنی دەستوری تورکیا و زیادکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی وڵاتەکە بە ڕێژەی لە سەدا پەنجاو یەک بووە و دەنگی نا بە ڕێژەی لە سەدا چل و نۆ بووە.

ئێستا وەک چاودێر لە تورکیاوە دەڵێن پرسەکە لەسەر ڕیفراندۆم نییە هێندەی ئەوەی لەسەر ڕوانینە ئایندەییەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانە و چی دەکات بەرامبەر ئەو نیوەیەی بە دەنگی نا بەرەنگاری خواستەکانی بوونەوە و ئایا دەتوانێت ئاشتەواییەکی تەواو لە نێوان هەردوو بەرەی بەڵێ و نادا بێنێتە ئاراوە؟!

زۆرێک لە شیکەرەوە وەڵامی ئەرێنیانەی ئەم پرسیارە دەبەستنەوە بەوەی ئەگەر بێتوو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هاوشێوەی ساڵانی یەکەمی فەرمانڕەوایەتییەکەی بێت ئەوا لەوانەیە ئەردۆغان بتوانێت هەردوو بەشەکەی کۆمەڵگەی وڵاتەکەی لێک نزیک بکاتەوە، بەڵام دەشڵێن بە وردبوونەوە لە کەسایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ئەزموونی ئەم چەند ساڵەی ڕابردووی فەرمانڕەوایەتیکردن، پێناچێت ئەو جۆرە هەنگاوانە کارێکی سانا بن.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵ و ڕاپۆرتەکانیش لەسەر فێڵ و تەڵەکەکردن لە دەنگدانەکەدا، پرسیارێکی تریش دەکرێت سەبارەت بەوەی ئایا تورکیا وەک ئەو وڵاتانەی لێدێت کە هەڵبژاردنی ئازاد و ڕەوایان بە خۆوە نەبینیوە؟!

ئایا دەکرێت ئەنجامی ئەو ڕیفراندۆمە بچێتە خانەکانی سەرکەوتن و دۆڕاندنەوە؟
ئایا ئەو سەرکەوتنەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەدەستی هێنا لە ڕیفراندۆمەکەدا بەسە بۆ درێژەپێدانی خەونە سیاسیەکانی؟
ئایا کورد توانی لەم ڕیفراندۆمەدا پەیامی خۆی بگەیەنێت؟
ئایا ئەنجامی ئەم ڕیفراندۆمە گۆڕانکاری لە ئاشتەوایی ناو تورکیادا بەدوای خۆیدا دێنێت؟

دکتۆر سەردار عەزیز، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:28:44 0:00

XS
SM
MD
LG