Accessibility links

جەنگیز چاندار: دانانەوە و قسەکردنی ئەردۆغان لەسەر سزای مەرگ پەیامێکە بۆ کورد لە تورکیادا


جه‌نگیز چاندار
جه‌نگیز چاندار

زۆرێک لە چاودێر لە ناو تورکیادا دەڵێن ناکرێت وەک گۆڕانکارییەکی گەورە سەیری ئەنجامە بەراییەکانی ڕیفراندۆمەکەی ڕۆژی یەکشەممەی وڵاتەکە بکرێت.

چاودێر لەو بڕوایەدان نە خواستی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەگۆڕدرێت سەبارەت بە سەرۆکایەتییەکی بەهێز و نە ئەوانەش کە بە (نا) دەنگیان داوە بۆ گۆڕانکارییەکان لە دەستوری تورکیادا دەستبەرداری وابەستەییەکانی خۆیان دەبن بۆ سیستەمێکی پەرلەمانیی و سیکیولار.

جەنگیز چاندار، نوسەر و بیریاری تورک دەڵێت ئەنجامەکانیڕیفراندۆم بەو مانایە نین خەڵکی تورکیا ئەو گۆڕانکاریانەیان پەسەندکردبێت کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدان پێشنیازیان کردبوو و دەشڵێت ئەم ڕیفراندۆمە لە زۆر ڕەهەندەوە جێی گومانێکی زۆرە، لە سەرو هەمووشیانەوە لە ڕەوشێکی نائاساییدا کراوە کە حکومەتی وڵاتەکە خۆی ڕایگەیاندووە و هەڵمەتەکانیش بۆ ریفراندۆم ڕەوایی و یەکسانییان تیادا نەبوون.

جەنگیز چاندار:
*ئەوەی بە سەرکەوتن بۆ ئەردۆغان ناو دەبرێت سەرکەوتنێکە بە تامی دۆڕان.

*تورکیایەکی نوێ لەمڕۆوە لەژێر چنگی بەهێزی ئەردۆغاندا دەستیپێکرد.

*لەمەودوا تورکیا دەکەوێتە نادیارییەکی ئێجگار قوڵەوە و ئەم ڕیفراندۆمە پرسیارگەلێکی زۆری لەسەر ئایندەی تورکیا هێناوەتە ئاراوە.

*پەیامەکەی درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممەی ئەردۆغان ئاماژەیە کە سیاسەتەکانی بەرامبەر بە کورد ناگۆڕێت.

چاندار دەڵێت هەرگیز لەو بڕوایەدا نییە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا وەڵامی سکاڵاکانی جەهەپە و هەدەپە بداتەوە سەبارەت بەوەی فێڵ و تەڵەکە لە دەنگدانەکەدا کراون و وەک دەڵێت سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە و ئەندامەکانیشی ڕێک پەیوەندییان بە ئەردۆغانەوە هەیە، هەر بۆیەشە سکاڵاکان بە هێند وەرناگیرین و سەرۆکی تورکیاش ڕێگە نادات ئەم ڕیفراندۆمە دووبارەبکرێتەوە یان ئەنجامەکەی هەڵبوەشێندرێتەوە.

ڕێکخراوی ئاسایشی و هەماهەنگی لە ئەوروپا لە یەکەم کاردانەوەیدا بەرامبەر ئەم ڕیفراندۆمەی تورکیا دەڵێت هەڵمەتەکان و دەنگدانەکەش بەپێی ڕێوشوێن و پێوانە نێونەتەوەییەکان نەبوون. لە ڕاگەیاندنەکەیدا ئەم ڕێکخراوەی ئەوروپا دەڵێت هەڵە و کەموکوڕییەکی بەرچاو هەبوون لە تەواوی پرۆسەکەدا، لەوانە ترس و تۆقاندنی ئەوانەی لایەنگری دەستکاریکردنی دەستوری وڵاتەکە نەبوون، ئەمەش وەک ڕێکخراوەکە دەڵێت پێچەوانەی ئەو پێوانانەن کە تورکیا مۆری کردوون.

لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ جەنگیز چاندار، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:56 0:00

XS
SM
MD
LG