بەهۆی تەقینەوە لە دوو کڵێسای دوو شاری جیاوزای میسر هاوکاتی ئاهەنگ گێڕانەکانی جەژنی یەکشەممە شەعانینی کرستیانەکان ( ئەو ڕۆژەی کە مەسیح چووە ئورشەلیم و بە لقی دارخورما پێشوازیان لێ کرد) بۆتە هۆی کوژرانی بەلایەنی کەم 37 کەس و بریندار بوونی زیاتر لە 100 کەس.
یەکەم تەقینەوە لە کڵێسای قەرەباڵغی سایەنت جۆرج لە شارۆچکەی تانتای ناوچەی دێلتای نیل ڕوویدا و 26 کەس کوژران و زیاتر لە 70 کەسیش بریندار بوون.
پاشان تەقینەوەیەکی تر لە کڵێسای سەینت مارک لە شاری بەندەری ئەسکەندەریە ڕوویدا بەلایەنی کەم 11 کەس کوژران و 35 کەسی تریش بریندار بوون. ئەم تەقینەوەیە ڕێک پاش ئەوە بوو کە پاپا توادرۆس لەوێ کۆتایی بە نوێژو نزاکەی هێنا. یاریدەدەرەکانی دەڵێن زیانی پێ نەگەیشتووە.
گروپی تیرۆرستی داعش بە ڕێگای ئاژانسی ئەعماقی سەر بە گروپەکە بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕاگەیاندووە، پاش ئەوەی کە هەڕەشەی کردبوو هێرشەکانیان بۆ سەر کرستیانەکان لە میسر زیاد دەکەن.
ئەم تەقینەوانە ڕێک هەفتەیەک بەر لە جەژنی هەستانەوەی مەسیح ڕوویدا.
پاپا فرانسس بەرنامەی هەیە لەم مانگەدا سەردانی قاهیرە بکات بە مەبەستی نیشاندانی هاوسۆزی بۆ کرستیانەکانی میسر.
کرستیانەکان نزیکەی لەسەدا دەی دانیشتوانی میسر پێک دەهێنن و بەردەوامیش لەلایەن توندڕەوە ئیسلامییەکانەوە دەکرێنە ئامانج.