شەوى ڕابردوو چەكدارەكانى داعش لەچەند قۆڵێكەوە هێرشیان كردە سەر حەشدى شەعبى لەگوندەكانى باكورى قەزاى خورماتوى پارێزگاى سەڵاحەدین ، دواى پێكدادانێكى چەند كاتژمێرى شەڕەکە بەكوژران و برینداربوونى ژمارەیەک چەكدارى هەردوولا كۆتایى هات.
عەلى حسێنى وتەبێژى حەشدى شەعبى ، بەدەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"داعش سودى لەخراپى كەش و هەوا وەرگرتووە و لە سێ لاوە هێرشى كردووەتە سەر حەشد لە گوندەكانى سنوورى خورماتو."
ناوبراو گوتیشی"لەئەنجامدا 5 چەكدارى داعش كوژراون و 2 چەكدارى حەشد و 5 هاوڵاتى سڤیلیش شەهید بوون."
بەپێى زانیاریەكانى دەنگى ئەمەریكا، شەوى ڕابردوو تەرمى 8 كەس براوەتە نەخۆشخانەى خورماتو، كە 5یان گوندنیشین و 3 كەسەكەى تریان حەشدى شەعبى بوون، هەروەها زانیاریەكان ئاماژە بەوەش دەكەن كە دوو چەكدارى داعش لەپێكدادانەكەدا كوژراون.
عەبدوڵا بۆر فەرماندەى میحوەرى خورماتوى پێشمەرگە، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"شەوى ڕابردوو داعش جموجۆڵی هەبووە و پێشمەرگە خراوەتە حاڵەتى ئامادەباشیەوە."
گوتیشی"دواتر داعش ئاراستەى هێرشەكەیان بەرەو گوندەكانى سنوورى حەشد گۆڕی و پەلامارى حەشدى شەعبیان دا."
گوندەكانى باكورى قەزاى خورماتو بەشێكى لەژێر كۆنترۆڵى حەشد و بەشەكەى ترى لەژێر كۆنترۆڵى پێشمەرگەدایە، ناو بەناو داعش لەو ناوچانە پەلامارى هێزەكانى هەردوولایان دەدات.
دەقی ڕاپۆتری پەیامنێرمان دڵشاد ئەنوەر.