Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: کیژان ئیبراهم خەیات

  • Balen Salih

کیژان ئیبراهیم خەیات

گۆرانی چڕین ڕەواندنەوەی ئەو بێدەنگیەیە کە لە ناخی هەمووماندا هەیە، جۆرێکە لە ماندووشکاندنی هەڵگەڕان و داگەڕانەکان بە ژیاندا، ئاشتکردنەوەی دڵە شکاوەکانە، بەخشینی مانا و بەهاکانە بە شتە ونبووەکان و وانەیەکیشە بۆ بەخشندەیی و بەگژداچوونەوەی هەموو ڕق و کینەیەک.

دەنگی خۆش یەکێکە لە بنەماکانی گۆرانی سەرکەوتوو بەڵام ناکرێت ببێتە تەنها هۆکارێک بۆ زیندوو هێشتنەوەی گۆرانی لەسەر ئەو بنچینەیەی دەق و ئاوازیش وەک پێکهاتەی گۆرانییەکە ڕۆڵ دەبینن.

چێژی بیستن یان گوێگرتن لە گۆرانییەک هەر تەنها لە دەنگی خۆشەوە سەرچاوە ناگرێت، چونکە لە یەک کاتدا گوێبیستی ئاواز و گوێبیستی وێنەکانی ناو دەقی گۆرانییەکانیش دەبین.

لە ئێستادا زۆرن ئەوانەی گۆرانی دەڵێن بەڵام کەمن ئەوانەی گۆرانییان کردبێتە خەمی خۆیان و بەردەوام وەک ئەرکێک لێی بڕوانن بۆ هەنگاونانی زیاتری بەرەوپێشبردنی ئەم ژانرە هونەرییە، بە تایبەتیش لەم سەروەختەدا کە دەگوترێت گۆرانی کوردی لە قەیراندایە و لەبەردەم مەترسی لەدەستدانی ناسنامەکەشیدایە.

(کیژان ئیبراهیم خەیات) یەکێکە لەو گۆرانیبێژانەی لە پێشەنگدایە، خاوەنی گوێگری خۆیەتی، بەردەوام لە هەوڵی پاراستنی تایبەتمەندێتییەکانی خۆیدایە لە هەر کارێکی نوێی هونەرییدا، وێڕای ئەو گرفتانەش کە لەبەردەم خانمە هونەرمەندێکدان.

(کیژان) پێشتر لە ڕاگەیاندنێکدا وتوویەتی " بێگومان، ئێمە بەردەوام لە ناو ئاستەنگدا دەژین، چونکە هێشتا هونەر بەهایەکى جوانى لە ناو کۆمەڵگەکەماندا نییە. بەردەوام دەبێ ماندوو بیت بۆ ئەوەى بگەیتە ئەو ئامانجەى کە هەتە، لەبەرئەوە هەمیشە ئاستەنگ هەیە."

هەمیشە هونەرمەند لە ڕێی هونەرەکەیەوە توانیویەتی پەیامەکانی بگەیەنێت، بەڵام بڕوا زۆرە کە هونەری گۆرانی لە هەموو ژانرەکانی تر زیاتر ڕاستەوخۆ پەیامی هونەرمەند دەگەیەنێت و گوێگری خۆیشی دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە، هەر بۆیە دەگوترێت ئەگەر هونەرمەندێک پێویستی بە جارێک بیرکردنەوە هەبێت ئەوا هونەرمەندی گۆرانیبێژ پێویستی بە دووجار بیرکردنەوەیە.

بەشێکی زۆری ئەو گرفتانەی هونەرمەندان ڕووبەڕووی دەبنەوە بریتیە لە نەبوونی زانیاری لەسەر بەرنامە و ڕوانینی هونەریانەی هونەرمەندەکان، کە ئەمە پێویستی بە هەبوونی نێوەندی توێژینەوەی تایبەت و ئەکادیمیانە هەیە بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە دەنگ و لە بەرهەمە هونەرییەکان و جیاکردنەوەی قۆناغەکان و دۆزینەوەی ڕایەڵی پەیوەندییەکانی هونەر و کۆمەڵگە و ڕەهەندی مێژووییش بۆی.

هێندەی ئەوەی گوێگری گۆرانییەکانی (کیژان ئیبراهیم خەیات)م، هەڵبژاردنی دەق و چۆنیەتی چڕینی گۆرانییەکەش بەشێکی گرنگی بەرهەمە هونەریەکەیەتی.

کیژان ئیبراهیم خەیات
کیژان ئیبراهیم خەیات

ئایا هەر تەنها مانەوەی گۆرانییەک لە یادەوەری گوێگردا بەسە تا بگوترێت گۆرانییەکی پڕ لە داهێنانە؟

ئایا گۆرانی کوردی کەوتۆتە ژێر کاریگەری موزیکی بیانیەوە، بە ئەندازەیەک بارێکی نەرێنی بۆ گۆرانی دروست کردبێت؟

ئایا لە هونەری گۆرانیدا دەکرێت لە پێناو ڕەسەنایەتیدا دەستبەرداری هاوچەرخێتی بین؟ یان لە پێناو گۆرانییەکی هاوچەرخانەدا دەستبەرداری ڕەسەنایەتی بین؟

ئایا ئەزموونی هونەریی (کیژان ئیبراهیم خەیات) درێژەپێدانی ئەزموونە گەورەکەی هونەرمەندی ڕەوانشاد (ئیبراهیم خەیات) ی باوکیەتی؟

(کیژان ئیبراهیم خەیات) هونەرمەندی گۆرانیبێژ لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (ژیان لە فەرهەنگدا) وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

XS
SM
MD
LG