Accessibility links

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، قەیرانێکی تری عێراقیەکان


لە دەمێکدا لە عێراق تەواوی پۆستەکان لەسەر بنەماکانی سیاسی و تایفەیی نەژادی دابەش دەکرێن بەڵام ئێستا داوا هەن تا ئەندامانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لەسەر بنچینەی بێلایەنی هەڵبژێردرێن.

لایەنی سەدر کە کەسایەتی شیعە ئاینزا ڕێبەرایەتی دەکات خۆپیشاندانێکی گەورەیان لە بەغدا کرد بۆ ئەم داوایەیان.

خۆپیشاندەران چوونە ناو گرین زۆنی پایتەختی عێراقەوە و هێزە ئاسایشییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران چەکیان بەکار هێنا و لە ئاکامدا 5 کەس لە لایەنگرانی موقتەدا ئەلسەدر کوژران و 174 کەسیش بریندان وەک وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند.

تارق حەرب، پسپۆڕی یاسایی دەڵێت ئەم کۆمیسیۆنە ڕەوایی یاسایی خۆی هەر ماوە و هیچ بڕیارێک لەسەر هیچ ئاستێک نەدراوە کە پەیوەندی هەبێت بەم کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەوە.

حەرب جەختیش دەکاتەوە لەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەتوانێت بەردەوام بێت لە ئەرکەکەیدا تا مانگی نۆی داهاتوو و دەشتوانێت هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش بەڕێوەبەرێت.

تارق حەرب
تارق حەرب

تارق حەرب: فێڵ و تەڵەکەکان لە هەڵبژاردندا لەلایەن بەرپرسەکانی ئۆفیسەکانی هەڵبژاردنەوە دەکرێن نەک لە کۆمیسیۆنەوە.

تەها هاتف
تەها هاتف

تەها هاتف: ناکرێت گۆڕانکارییەکان تەنها لەسەر بنچینەی خواستی لایەنێک بێت و ڕوانین و سەرنجەکانی لایەنەکانی تر فەرامۆش بکرێن.

لە عێراقدا هەر تەنها لایەنی سەدرییەکان بە خۆپیشاندان و بەکارهێنانی فشار دەیانەوێت کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بگۆڕدرێت.

تەها هاتف، ئەندامی پەرلەمانی عێراقە لەسەر لیستی دەوڵەتی یاسا دەڵێت ئەم جۆرە هەڵوێستەی موقتەدا ئەلسەدر و لایەنگرانی سەدر جێی پرسیارە لایان و دەشڵێت سەدریەکان داوای گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنیش دەکەن لە کاتێکدا هەر لایەنێکی سیاسی ڕا و ڕوانینی تایبەتی خۆی هەیە لەسەر ئەو یاسایە و پێویستیشی بەوەیە تێکڕاییەک و هاوڕاییەک هەبێت لە ناو پەرلەمانی وڵاتەکەدا بۆ ئەم جۆرە گۆڕانکارییانە و هەروەها پێویستیشە بشزانرێت ئەو گۆڕانکاریانە چەندێک لە بەرژەوەندی گەلانی عێراقە.

لە عێراقدا کە تەواوی پۆستەکان لەسەر بنچینەی سیاسی و تایفەگەرایی و نەژادی دابەش دەکرێن، ئایا لایەنە سیاسییەکان گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی ئەم جۆرە ئەزموونەی فەرمانڕەوایەتی کردن شکستخواردوە؟یان داواکردن بۆ سەربەخۆبوون و بێلایەنی دامەزراوە دەوڵەتییەکان جارێکی تر دەبێتەوە بەشێک لە کارکردن بۆ بەرژەوەندی لایەن و لایەنکاری لە عێراقی بەشەڕ ویرانبوودا؟!

لەسەر بنچینەی وتووێژەکانی لەگەڵ تارق حەرب و تەها هاتف، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:28 0:00

XS
SM
MD
LG