لەكاتێكدا شەڕى داعش لەكۆتایى نزیكبوەتەوە ، بەرپرسانى عێراقى داواى كشانەوە لەهێزى پێشمەرگە دەكەن لەو ناوچە كێشەلەسەرانەى كە دواى دروستبوونى داعش پێشرەویان بۆ كردووە، بەڵام فەرماندەكانى پێشمەرگە بەتوندى كشانەوە رەتدەكەنەوە.
كەمال كەركوكى فەرماندەى میحوەرى رۆژئاواى پێشمەرگە، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"پێشمەرگە لەو ناوچانە ناكشێتەوە كە دواى شەڕى داعش كۆنترۆڵى كردوون، چونكە مەعقول نیە خاكى كوردستان بۆ خەڵكێك بەجێبهێڵرێت كەلەبەسرەوە هاتوون."
وتیشى"دەبێت سوپاى عێراق لە بەدرەو جەسان و حەمرین و ناوچە كوردستانیەكانى تریش بكشێتەوە و پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانەش بڕوات."
حەیدەر عەبادى سەرۆك وەزیرانى عێراق لەدواین لێدوانیدا ، ئاماژەى بەوەكرد كە لەگەڵ سەركردایەتى كورددا لەسەر كشانەوەى پێشمەرگە لەناوچە جێناكۆكەكان رێككەوتوون لەدواى كۆتایى هاتنى شەڕى داعش.
مستەفا چاوڕەش فەرماندەى پێشمەرگە، رەتیكردەوە رێكەوتن لەنێوان كورد و عێراق هەبێت لەسەر كشانەوەى پێشمەرگە لەناوچە جێناكۆكەكان، وتى"دەبێت سەركردایەتى كورد بریار لەبارەى چارەنوسى پێشمەرگە لەناوچە جێناكۆكەكان بدات ، نەك هەرفەرماندە و لاى خۆیەوە قسە بكات."
لەدواى دروستبونى داعش و كۆنترۆڵكردنى بەشێكى زۆر لەخاكى عێراق لەلایەن ئەو رێكخراوەوە ، پێشمەرگە زۆربەى ناوچە كێشەلەسەرەكانى نێوان هەرێم و بەغداى خستەژێر كۆنترۆڵى خۆیەوە ، كەپێشتر بەشێك لەو ناوچانە سوپاى عێراق تێیاندا باڵادەست بوو.