Accessibility links

  ژنانی کوبا داوا دەکەن حکومەت یارمەتییان بدات بۆ پێکهێنانی یەکەم تیمی مستەکۆڵە


یاریزانەکانی بۆکسێنی (مستەکۆڵە) کوبایی لە هەمو شەڕکەرەکانی وڵاتانی تر زیاتر مەدالیایان بەدەستهێناوە. ئێستا گروپێکی بۆکسەری ژن لەو دورگەیە چاویان لە مەدالیای زێڕە.

ئەوان دەخوازن حکومەت هاوکاریان بکات بۆ پێکهێنانی یەکەم تیمی بۆکسێنی ژنان و نەهێشتنی ئەو بیرۆکە کۆنەی کە یەکێک لە ڕاهێنەرە بەناوبانگەکانی کوبا گوتویەتی " ژنانی کوبا بۆ ئەوە کراون کە جوانی ڕوخساریان نیشان بدەن نەک بۆکسیان لێ بدرێت."

ئایداملیس مۆرینۆ پێکەنینی بەو بیرۆکەیە دێت لە کاتێکدا خۆی و نزیکەی نیو دەرزەن ژنی تر دەستیان کردووە بە ڕاهێنان بەو هیوایەی گۆڕنکاری لە بۆچوونی کاربەدەستانی کوبادا بکەن.

ئەو گوتی " من خۆم دێتە بەرچاوم لە ئۆلۆمپیادی ساڵی 2020 لە ژاپۆن بەشداری بکەم، ئەمە خەونی منە."

بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2012 ڕێگە درا بە ژنان بەشداری لە بۆکسێن بکەن، و مۆرینۆ دەیەوێت خەڵات بەدەست بهێنێت. ئەو وەرزشوانە تەمەن 24 ساڵانە ڕۆژانە بەلایەنی کەم 2 کاتژمێر ڕاهێنان دەکات، پاش ئەوەی لە کارەکەی تەواو دەبێت، ئەو هەڵدێت بۆ چەندین میل، کێش هەڵدەگرێت بۆکس دەوەشێنێت و لەگەڵ ژن و پیاویشدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە.

مۆرینۆ و ژنەکانی تر پێشتر لە یانەکانی وەرزشی خۆجێی دەردەکرانە دەرەوە کاتێک کاربەدەستانی وەرزش پێیان ناخۆش بوو لەوێ ڕاهێنان بکەن.

مۆرینۆ دەگێڕێتەوە " ڕۆژێک بەبێ هیچ پاساوێک پێیان گوتین گوێبگرن ژن ناتوانێت لێرە بێت لەبەر ئەوەی ڕێگە نادرێت ژنان یاری بۆکسێن بکەن. ئێمە نزیکەی 12 کەس بووین کە زۆربەیان خەڵکی ولایەتەکانی تر بوون ناچار ڕۆشتن."

براوەی خەڵاتی زیو لە ئۆلۆمپیاد ئیمیلیۆ کۆرییا هاوکاری کردن و یانەیەکی تری بۆ هەندێک لە ژنەکان دۆزییوە لە کاتێکدا فشارێکی زۆریشی خستە سەر کاربەدەستە باڵاکانی کوبا کە هاوکاری بۆکسێنی ژنان بکەن.

کۆرییا دەڵێت " ئەوان دەتوانن ڕەنگی زیاتر ببەخشن بە وەرزشی کوبا."

بەڵام هەتا ئێستا وا دیارە حکومەت هێشتا بڕوای بەوە نەهێناوە. کاربەدەستان دەڵێن ئەوان بەسەر ئەو بۆچوونانەدا دەڕۆنەوە تا بزانن سودەکانی وەرگرتنی مەدالیا بۆ ژنان چ کاریگەرییەکی دەبێت و ئایە شتێکی شیاوە یان نا.

وەرزشوانە ژنەکانی کوبا لە زۆر وەرزشی تریشدا هەنگاویان ناوە لە ناویاندا زۆرانبازی، جودۆ وە بەمدواییانەش لە هەڵگرتنی کێش و لەشجوانیدا بەرەوپێش چوون.

ڕۆژنامەوانێکی وەرزشی ئیسمایل سین دەڵێت " ئەگەر ژنان ڕێگەیان پێ دەدرێت زۆرانبازی و یاری هەڵگرتنی کێش بکەن کە هەردوکیان وەرزشی زۆر سەختن جا نازانم بۆچی ڕێگەی بۆکسێن یان مستەکۆڵەیان پێ نادرێت."

یاری بۆکسێن یان مشتەکۆڵە ناوبانگێکی تایبەتی هەیە لە کوبا و هەتا ئێستا 72 مەدالیا لەو بوارەدا براوەتەوە. نەبوونی ژن لەو بوارەدا چەندین کەسی بێهیوا کردووە لە ناویاندا نامیبیا فلۆریس کە لە ئەمەریکا مەشقی پێکراوە. و لە فیلمێکی داکۆمێنتری بە ناوی بۆکسیدۆرای ئەمەریکایی لە ساڵی 2014 بەشداری کرد.

فلۆریس فیدراسیۆنی ژنانی کوبا تاوانبار دەکات بۆ ئەوەی پشتیوانی لەو دۆزە ناکەن، هەرچەندە گروپەکە یارمەتی ژنانیان داوە بۆ چوونە ناو ئەو وەرزشەوە کە لەلایەن پیاوانەوە دەستی بەسەردا گیراوە. ئەو یاریزانە بۆکسێنەکانی کە لەلایەن فلۆریسەوە هان دراون دەڵێن ئەوانیش هیوادارن هەمان دەرفەتی ئەویان بۆ بڕەخسێت.

لیگنس کالای تەمەن 25 ساڵان دەڵێت " دایکم دەڵێت ئەمە یارییەکی توندوتیژە ، بەڵام ژن هەن لە وڵاتانی تردا ئەم یارییە دەکەن و ئەگەر دەرفەتمان بدەنێ ئێمەش دەتوانین بیکەین."




XS
SM
MD
LG