Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: دانۆڵد ترامپ و شەڕی دژی تێرۆریزم


سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فرمانی داوە بە سەرکردە لەشکرییەکانی وڵاتەکەی تا لە ماوەی تەنها 30 ڕۆژدا ڕاپۆرتی بدەنێ لەسەر ستراتیژیەتێکی نوێ بۆ لەناوبردنی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی.

دانۆڵد ترامپ هاوکاتی واژۆ کردنی فرمانەکەی جەختی کردۆتەوە لەوەی بەم پلانە نوێیە شکست بە داعش دەهێنرێت لە عێراق و لە سوریاشدا و دەشڵێت لەوبڕوایەدایە ئەم پلانە نوێیە زۆر سەرکەوتوو دەبێت.

وەها چاوەڕوان دەکرێت ئەم پلانە ژمارەیەک پێشنیاز لە خۆ بگرێت بۆ گۆڕانکاری کردن لە بڕیارە لەشکرییەکاندا و لە بواری دیپلۆماسی، بەشداربووانی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی، میکانیزمەکانی بڕین و هەروەهاش کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە و پشتیوانییە داراییەکان بۆ داعش.

میوانی بەرنامە:

دکتۆر ڕێبوار فەتاح، ڕۆژنامەوان و شیکەرەوەی سیاسی.

واژۆ کردنی ئەم فرمانە تەنها چەند کاژمێرێک پاش وتووێژە تەولەفونیەکەی ترامپ بوو لەگەڵ ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیادا. ئەم پەیوەندییە تەلەفونیە نزیکەی یەک کاتژمێری خایاند و تیایدا باس لە کاری پێکەوەیی کراوە لە نێوان هەردوو وڵاتدا لە بوارەکانی شەڕی دژی تێرۆریزم و چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا و هەروەهاش دروستکردنەوەی پەیوندی ئابووری نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ.

وەک کرملن باسی دەکات لەو پەیوەندییە تەلەفونیەدا دۆسێکانی وەک کێشەی ئیسرائیلی و فەلەستینیەکان و هەروەها بەرنامەی ناوکی ئێرانیش باسکراون.

هاوکات هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ یەکەمین جارە ماشێنی زرێپۆش بۆ ئەو هێزانەی سوریا دابین بکات کە شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی دەکەن.

دەمڕاستی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بەشێکی سەرکی ئەو هێزەیە، دەڵێت چەند ڕۆژێکە ئەو ماشێنە زرێپۆشانە گەیشتون.

تەڵال سلۆ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی دەنگ و باسی ڕۆیتەرز وتوویەتی پێشتر کۆمەکی لەشکریانەی لەم شێوەیەیان بەدەست نەگەیشتووە و تەنها چەکی سوک و تەقەمەنییان پێگەیشتووە.

هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا هێزەکانی سوریای دیموکرات بە هاوپەیمانێکی سەرەکی دادەنێت لە شەڕی دژی داعشدا لە سوریا و بەردەوام بە هێرشی ئاسمانی پشتیوانی لەو هێزە فرەلایەنەی ناو سوریا کردووە.

ئایا ستراتیژیەتی نوێی ئەمریکا و هاوپەیمانانیش دەتوانێت کۆتایی بە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی بێنێت؟

ئەگەر ئەمریکا و ڕوسیا پێکەوە شەڕی دژی داعش بکەن، ئایا بە مانی ئەوەیە جیاوازیەکانیان لەسەر ئەگەر و نەگەری مانەوەی ڕژێمەکەی بەشار ئەلئەسەد ڕەوینەتەوە؟

ئایا پشتیوانی هاوپەیمانانی بە سەرکردایەتی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات و ناردنی زرێپۆش لە ڕووی سیاسییەوە چی دەگەیەنێت؟

ئەگەر لە ستراتیژیەتی نوێی ئەمریکادا پشتیوانییەکان بۆ هێزی سوریای دیموکرات زیاتر بێت، کاردانەوەی تورکیا چۆن دەبێت بەرامبەر هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی دژی داعش؟

(دکتۆر ڕێبوار فەتاح) ڕۆژنامەوان و شیکەرەوەی سیاسی وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە.
دەقی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداەکاندا:

please wait

No media source currently available

0:00 0:25:19 0:00

XS
SM
MD
LG