Accessibility links

زۆرێک لە هونەرمەندان هاوڕان لەسەر ئەوەی ئەمڕۆی گۆرانی کوردی جۆرێک لە پشێوی و ئاڵۆزی تێکەوتووە و تا گوێبیستی گۆرانییەکی هونەری دەبێت دەیان گۆرانی بازرگانی خۆی دەدات بە گوێچکەدا.

دەشێت هۆکار زۆربن بۆ ئەم دیاردەیەی ئێستا لەوانە نەبوونی سانسۆرێکی بابەتیانە بۆ هەڵسەنگاندن، زۆربوونی میدیای بیستراو و بینراو، بەکارهێنانی ئامێرە تەکنەلۆژیەکانی دەنگ، خواست بۆ خۆ دەرخستن و نەبوون یان کەمی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەم ژانرە هونەرییە.

بەڵام ئەمانە هەمووی بەو مانایە نین کە بگوترێت گۆرانیبێژی ڕژدمان نین، بەڵێ هەمانن، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە دەشێت هێندەی دەرفەت و زەمینە بۆ کەسێکی تر دەڕەخسێندرێت، هێندە کار بۆ هونەرمەندێکی ڕژد ناکرێت کە گۆرانی کردۆتە خەمێکی سەرەکی و بەردەوامیش لە گەشتدایە بۆ داهێنان دەگەڕێت، هاوکاتیش ڕەسەنایەتی و هاوچەرخێتی لە هونەرەکەیدا دەپارێزێت.

ئەو کاتەی گوێ لە سۆزی (حەمید بانەیی) دەگرم، دەنگێکە لێوان لێوە لە خەم، بەڵام خەمێکی پڕ لە شادی و چێژ،هەست دەکەم لەگەڵ یادەوریەکانمدا دەستی یەک دەگرین و هێدی هێدی پیاسەیەک بە ئێوارانی نیشتماندا دەکەم.

دەنگێک، ئاوازێک، دەقێک، پێکڕا پێم دەڵێن ئەمە حەمید بانەییە، کە بەردەوام وەک هونەرێکی باڵا لە گۆرانی دەڕوانێت، هەمیشە پێی باشە گۆرانییەکی نوێ نەچڕێت ئەگەر لە گۆرانییەکی پێشتری باشتر نەبێت و جیاوازیش نەبێت، هەرگیزیش ئامادە نییە گۆرانییەکانی خۆی لە پێناو بازاڕدا ئامادەبکات و هونەر فەرامۆش بکات. (حەمید بانەیی) دەخوازێت لە گۆرانیەکانیدا تەنها خۆی بێت و مۆرکی هیچ هونەرمەندێکی تری پێوە نەبێت.

نەک هەر دەنگی بەسۆزە لە دەمی چڕینی گۆرانیەکانیدا، نە هەر ئەوەی دەقی گونجاو هەڵدەبژێرێت بۆ سترانەکانی، هەر تەنها ئەوە نا کە بابەتیانە بڕیار لە ئاوازەکانیش دەدات بەڵکو شێوازی چڕینی گۆرانییەکانیشی بەشێکی گرنگە لە تایبەتمەندێتییەکانی حەمید بانەیی.

لە کاتێکدا دەگوترێت موزیک زمانێکی جیهانییە، ئایا لە ئێستادا گۆرانی کوردی دەتوانێت تایبەتمەندێتی خۆی بپارێزێت؟

ئایا بەڕاستی گۆرانی کوردی لە قەیراندایە؟ ئایا هۆکارەکە هەر تەنها پاشاگەردانییە لە گۆرانی و موزیکدا؟

(حەمید بانەیی) دەقی گۆرانییەکانی لەسەر چ بنچینەیەک دیاردەکات؟

هونەرمەندی گۆرانیبێژ چۆن دەتوانێت هەمیشە گوێگرانی خۆی بپارێزێت لە کاتێکدا هونەر نەبۆتە سەرچاوەیەک بۆ ژیان؟

(حەمید بانەیی) گۆرانیبێژ و موزیسیان لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (ژیان لە فەرهەنگدا)وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:


XS
SM
MD
LG