Accessibility links

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود: هه‌رپێنج حیزبه‌كه‌ خاوه‌نی كۆمپانیا و پاڵا‌وگه‌ی نه‌وتن و شه‌ریكی داهاتی نه‌وتن 


له‌م وتووێژه‌ تایبه‌تیه‌ی سكرتێری حیزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا باس له‌وە دەکات كێشه‌ی سه‌ره‌كی له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هەرێمی كوردستان له‌سه‌ر میلله‌ت و خزمه‌تكردنی خه‌ڵك و ڕوونی و ئاشکرایی له‌ داهاتی نه‌وت و سیستمی حكومڕانی نییه‌ به‌ڵكو له‌سه‌ر سامان و دابه‌شكردنی داهاتی نه‌وته‌ له‌نێوان خۆیان و ده‌سه‌ڵاته‌.

موحه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ده‌ڵێت، كێشه‌ی نێوان لایه‌نه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ نیه‌ لایه‌نێك بڵێت من خزمه‌تی خه‌ڵك ده‌كه‌م، میترۆ له‌شاره‌كان دروست ده‌كه‌م و لایه‌نێكی تر نه‌هێڵێت به‌ڵكو كێشه‌كه‌ له‌سه‌ر سامان و ده‌سه‌ڵاته‌.

سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ئاماژەشی بەوە کردووە هیچ لایه‌نێك له‌ كۆبونه‌وه‌كان جگه‌ له‌ دابه‌شكردنی سامان و داهات و پۆست بۆ حیزبه‌كه‌ی باسی هیچی تر ناكات و ئه‌وه‌ی له‌ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه‌ ده‌وترێت له‌سه‌ر هۆكاری كێشه‌كان جیاوازه‌ و له‌ كۆبونه‌وه‌كان به‌هیچ جۆرێك باس ناكرێت.

پێشتر جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌میانی وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا باسی له‌وه‌كردبوو كه‌ كێشه‌ی نێوان باڵه‌كانی یه‌كێتی له‌سه‌ر سامان و ده‌سه‌ڵاته‌، موحه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ده‌ڵێت؛ هه‌ر ئه‌م قسه‌یه‌ی ئه‌و به‌ڕێزه‌ ڕاسته‌ گشتاندنی بۆ بكرێت له‌سه‌ر لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان و كێشه‌كه‌ سامان و پۆست و كه‌سیه‌، ته‌نانه‌ت كێشه‌كانی عێراقیش.

موحه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ئاشكرای دەکات له‌دوای پێكهێنانی ئه‌م كابینه‌یه‌ی ئێستای حكومه‌ت كه‌ به‌كابینه‌ی بنكه‌ فراوان ناسراوه‌ هه‌ر پێنج حیزبه‌كه‌(پارتی دیموكراتی كوردستان،یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان،بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان،یه‌كگرتووی ئیسلامی،كۆمه‌ڵی ئیسلامی) پێنج كۆمپانیای نه‌وتیان دامه‌زراند و بوونه‌ خاوه‌نی پاڵه‌وگه‌ی نه‌وت و شه‌ریكی داهاتی نه‌وتیشن به‌ڵام كێشه‌ی نێوانیان له‌سه‌ر زۆر و كه‌می به‌شه‌كه‌یانه‌ كه‌ ئه‌م كه‌متری له‌وی تر به‌رده‌كه‌وێت.

سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان داوا دەکات بڕۆن له‌خۆیان بپرسن بزانن كۆمپانیای نه‌وتیان هه‌یه‌ یاخود نا ته‌نانه‌ت تا چه‌ند ڕۆژ پێش ئێستاش هه‌ر پێنج حیزبه‌كه‌ شه‌ریكه‌ داهاتی نه‌وت بوون كێشه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتیش له‌سه‌ر خه‌ڵك و خزمه‌تی خه‌ڵك و سیستمی حكومڕانی و شه‌فافیه‌ت نیه‌ و دەشڵێت هەر ئەو لایەنە سیاسییانە كه‌ چوونه‌ ناو حكومه‌ت ته‌نانه‌ت ده‌نگده‌ری خۆشیان بیرچوه‌وه‌.

ژیار موحەمەد، پەیامنێری دەنگی ئەمریکا وتووێژی لەگەڵ موحەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:

XS
SM
MD
LG