Accessibility links

دادگایەکی نیویۆرک پیاوێک بە تاوانی تیرۆرسم سزا دەدات


وەزارەتی دادی ئەمەریکا دەڵێت دادگایەکی فێدراڵی لە نیویۆرک سزای 20 ساڵی زیندان و 50 ساڵی چاودێری کردنی سەپاندووە بەسەر پیاوێکدا بە تاوانی تیرۆرسم.

وەزارەتی داد ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ئیمانوێڵ لوچمانی تەمەن 26 ساڵان سزا درا بەهۆی پلانی نهێنی بۆ دابین کردنی پشتیوانی بۆ داعش، ئەو گروپەی کە بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی بیانی دەستنیشان کراوە.

مێری مێککۆرد جێگری دادپرسی گشتی بۆ ئاسایشی نیشتمانی ڕایگەیاند لوچمان پلانی نهێنی لەگەڵ ئەندامێکی داعش، کە لە دەرەوەی وڵات دەژێت، داڕشتووە بۆ کوشتنی کەسانی بێتاوان لە سەر خاکی ئەمەریکا بە نێوی ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییەوە.

دادگا ناوی پەیوەندییە سوریاییەکەی بە ئەبەو عیسا ئەلئەمەریکی ڕاگەیاندووە، کە سەرکردەیەکی ناسراوی داعشە کە ئێستا کوژراوە بەڵام لە ساڵی 2015 لەگەڵ لوچماندا پەیوەندی هەبووە.

لوچمان دانی بەوەدا ناوە کە لە ساڵی 2015 پلانی نهێنی لەگەڵ ئەلئەمریکی داڕشتووە بۆ ئەنجامدانی هێرشێک بە چەقۆ دژ بە خەڵکی سیڤیل لە 31 ی مانگی 1 ی ئەو ساڵەدا. بەڵگەنامەکانی دادگا ئاماژە بەوەش دەکەن کە لوچمان لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووکیش پشتیوانی بۆ ئەو گروپە نیشان داوە .

XS
SM
MD
LG