Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: تورکیا و پەکەکە و هەرێم / ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی

  • Balen Salih

لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دوو تەوەر باسدەکرێن؛ تورکیا و پەکەکە و هەرێم، هەروەهاش بەرەنجامەکانی ڕێککەوتنی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

تەوەری یەکەم:

تورکیا و پەکەکە و هەرێمی کوردستانی عێراق.

زۆرێک لە گەورە کاربەدەستانی هەرێمی کوردستانی عێراق داوا دەکەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ناوچەی شنگال چۆڵبکات. لە بەرامبەریشدا لە ڕاگەیاندنێکی سەرکردایەتی هاوبەشی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) دا نکوڵی کراوە لەوەی پەکەکە هیچ پەیمانێکی بۆ چۆڵکردنی ئەو دەڤەرە دابێت. ئەم داوایەی کاربەدەستانی هەرێم لە کۆنفرانسەکەی زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک هاتە ئاراوە کە تایبەت بوو بە پرسی دەوڵەتی کوردی. لەو کۆنفرانسەدا (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم داوای کشانەوەی پەکەکەی کرد لە شنگال " پێویستە پەکەکە شنگال جێبهێڵێت. بوونی پەکەکە لە شنگال دەبێتە هۆکاری نا سەقامگیری لە ناوچەکەدا."

دواتریش هاوکاتی سەردانەکەی سەرەک وەزیری تورکیا بۆ هەولێرو پاش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراقدا، لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکەشیاندا هەمان داوای کردەوە.

دکتۆر جه‌بار قادر
دکتۆر جه‌بار قادر

بەغدا و هەولێر و ئانکەرە داوای چوونە دەرەوەی پەکەکە دەکەن لە شنگال، ئایا پەکەکە هەر تەنها لە شنگالە؟
ئایا پەکەکە لە داعش مەترسیدارترە بۆ ئاسایشی ناوچەکە و جیهانیش؟
ئایا ئانکەرە و بەغدا متمانە بە هەرێمی کوردستان دەکەن؟
ئایا پێویستە کورد لە باشور ببێتە بەشێک لە ئەگەری شەڕ لەگەڵ هێزێکی تری کوردیدا؟
(دکتۆر جەبار قادر) پسپۆڕی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە.

تەوەری دووهەم:

ڕێککەوتنی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دوو لایەنە سیاسییەی هەرێم (بزووتنەوەی گۆڕان) و هەروەهاش (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) ڕێککەوتنێکی سیاسییان مۆرکرد، بەڵام کەم نەبوون ئەوانەی وەها پێشبینییان دەکرد ئەم ڕێککەوتنە هەرگیز نابێتە مایەی ڕەواندنەوەی جیاوازی و ناکۆکییەکانی ئەو دوو لایەنە، بەڵکو بە پێچەوانەوە باسیان لەوە دەکرد کە دەشێت لە مەودای نزیکدا ئەگەرەکانی ئاڵۆزی و پشێویەکان زیادبکەن لە نێوان هەردوو لایاندا و ئەمەش کاریگەرییەکی تری نەرێنی دەبێت بەسەر پرۆسەی سیاسی لە هەرێمدا.

لە هەموو شیکردنەوەکاندا باس لە کاردانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان کراوە لەسەر ئەم ڕێککەوتنە، بە تایبەتیش لەو سۆنگانەوە کە پێشتر پارتی و یەکێتی ڕێککەوتنێکی ستراتیژی هەبووە لە نێوانیاندا.

ئەم ڕێککەوتنە ستراتیژیە وەک زۆرێک لە سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی باسیان دەکرد پێویستی بە نۆژەن کردنەوە بووە تا لەگەڵ ڕەوشی هەنوکەیی هەرێمدا بگونجێت، ئەگەرچی هەندێکیش هەبوون لە هەردوو لا جەختیان دەکردەوە لەوەی ڕێککەوتنە ستراتیژیەکە بەسەرچووە.

دکتۆر کامه‌ران مه‌نتک
دکتۆر کامه‌ران مه‌نتک

هەندێکیش لە شیکەرەوە لەو بڕوایەدا بوون ڕێککەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتی وەک هەوڵێکی ترە بۆ هێنانەوە ئارای دیاردەی دوو بەڕێوبەرایەتی لە هەرێمی کوردستاندا واتە کاراکردنەوەیەکی فەرمیانەی سنوری دێگەڵە لە نێوان هەردوو زۆندا، زۆنی پارتی و زۆنی گۆڕان و یەکێتی.

ئایا ڕێککەوتن لە نێوان دوو لایەنی سیاسی هەرێمدا هەر تەنها بۆ دابەشکردنی پۆست و داهاتە؟
ئایا ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان بە ناچاری بوو یان پێداویستی پاڵنەر بوو؟
ئایا ئەم ڕێککەوتنە لەسەر بنچینەی فراوانکردنی زەمینە هاوبەشەکانی نێوانیانە یان بۆ ڕێگەگرتنە لە پەرەسەندنی زیاتری جیاوازییەکانیان؟
ئایا بەرەنجامەکانی ئەم ڕێککەوتنە چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر ڕەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان؟
(دکتۆر کامەران مەنتک) پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە.

تەواوی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا:

XS
SM
MD
LG