Accessibility links

عەزیز رەئوف: لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا دەنگێکی سەلەفیانە هەیە بۆ کوشتنی ژیان و دژی ئازادی


هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو هەموو قەیرانە سیاسی و ئابوری و یاساییانەدا، سەرئەنجام بە ڕای شارەزایان بۆشاییەکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری دروستبوو کە ڕەنگە هێزە ئیسلامییەکان پتر سودی لێوەربگرن وەک مانۆرێکی جێگرەوەی سیاسی لەناوچەکەدا، بەڵام ئایا هێزە ئیسلامییەکان دەتوانن ببنە جێگرەوەیەکی بەهێزی سیاسی؟ یان ئەگەر ناتوانن ببنە جێگرەوە یان ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز؛ هۆکارەکانی پشت ئەم دەرئەنجامانە چین؟

ئاسۆ جەبار لەدەنگی ئەمریکاوە وتووێژێکی لەگەڵ نوسەر و شرۆڤەکار عەزیز رەئوفدا سازکردووە...

عەزیز رەئوف دەڵێت "بێگومان هێزە ئیسلامییەکان ناتوانن ببنە جێگرەوەیەکی سیاسی لەهەرێمی کوردستاندا، چونکە حیزبە ئیسلامییەکان دیارە هەڵقوڵاوی هەمان بارودۆخن، بۆنمونە چەندینجار لەحکومڕانیدا تاقیکراونەتەوە، لەخیتاباتدا تاقیکراونەتەوە، لەمیدیادا تاقیکراونەتەوە، لەوەزارەتەکاندا و لە پەرلەماندا تاقیکراونەتەوە، وە بە تاقیکردنەوەیەکی زۆر خراپدا تێپەڕیون. هێشتا لەسەر دەسەڵات نەبوون دەستکاری کۆمەڵێک بەها و ئازادی تاکەکەس و کۆمەڵگەیان کردووە، رەنگە یەکێتی و پارتی هەر نەیانکردبێت".

دەشڵێت "نەخێر حیزبە ئیسلامییەکان ئەو جیاوازییە ریشەییان نیە لەگەڵ حیزبەکانی دیکەدا کە پێمانوابێت کە ئەمان بەدیلێکی گەورەترن".

هاوکات عەزیز رەئوف دەڵێت "هەمیشە هەموو دەسەڵاتێکی دوژمنکار لەدنایدا دۆخێک دروستدەکات بۆ کوشتنی ئازادی".

ئایا هێزە ئیسلامییەکان لەئاستی کۆمەڵایەتیدا توانیویانە هەژمونیان هەبێت؟ عەزیز رەئوف دەڵێت "لەئاستی کۆمەڵایەتیدا دەنگێکی سەلەفیانە هەیە، دەنگێک هەیە بۆ کوشتنی ژیان، دژی مۆزیقا، دژی ئازادی. لەبەرئەوە ئیسلامییەکان راستە لەسەر حوکم نین، بەڵام لەئاستی کۆمەڵایەتیدا سەرکەوتوو بوونە".

سەبارەت هەژموونی ئیسلامی سیاسی لەناوچەکەدا عەزیز رەئوف دەڵێت "لێشاوێکی ئیسلامی سیاسی لەناوچەکەدا هەیە، هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە".


XS
SM
MD
LG