Accessibility links

داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ئەستەنبوڵ دەگرێتە ئەستۆ


ڕۆژی دووشەممە داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەری ساڵی نوێی لە یانەیەکی شەوانەی بەناوبانگی ئەستەنبل گرتە ئەستۆ کە 39 کەسی تێدا کوژرا و ژمارەیەکی زیاتریش بریندار بوون.

هاوکات پۆلیسی تورکیا هەشت کەسی بە گومانی پەیوەندی بەو هێرشەوە دەستگیر کردووە بەڵام هێشتا بەدوای ئەو چەکدارەدا دەگەرێت کە لە ئەنجامی سەرلێشێواوی کاتی هێرشەکە دیار نەما.

ئاژانسی دەنگوباسی ئەعماقی سەر بە داعش ڕایگەیاندووە " هێرشەکە لەلایەن سەربازێکی قارەمانی خەلافەتەکەوە" ئەنجام دراوە، کە هێرشی کردۆتە سەر ئەو یانەی شەوانەیەی کە کرستیانەکان تیایدا جەژنی سەری ساڵیان دەگێڕا.

دەڵێت ئەو پیاوەی کە بە چەکی ئۆتۆماتیک تەقی کردووە هەروەها هەنارۆکی تەقاندۆتەوە بە ئەمری ڕێبەری داعش ئەبوبەکر بەغدادی بووە.

داعش تورکیا بە "نۆکەری خاچ " لەقەڵەم دەدات و هەروەها دەشڵێت ئەم هێرشە تۆڵە کردنەوە بووە لە لەشکری تورکیا بەهۆی هێرشەکانیان دژ بە داعش لە سوریا و عێراق.

لە بەیاننامەکەی داعشدا هاتووە " ئێمە دەمانەوێت تورکیای بێبڕوا ئاگادار بکەینەوە خوێنی ئەو موسوڵمانانەی کە بە هۆی هێرشە ئاسمانییەکان و تۆپبارانەکانی تورکیاوە ڕژاون دەبێتە ئاگر لە ناوچەکەی."

ئاژانسی دەنگوباسی ئەنادۆڵۆی تورکیاش دەڵێت ئەو هەشت کەسەی کە لەلایەن هێزەکانی دژە تیرۆرەوە دەستگیر کراون براون بۆ بنکەی پۆلیسی سەرەکی ئەستەنبوڵ بۆ لێکۆڵینەوە کردن بەلام زیانیاری زیاتری نەداوە.

پێشتر ڕاپۆرتە هەواڵییەکانی تورکیا ڕایانگەیاند کاربەدەستانی تورکیا لەو بڕوایەدان گروپی داعش دەستی لەو تەقینەوەیەدا هەیە و ئەو هێرشبەرەی کە هێشتا دەستگیر نەکراوە بڕوا دەکرێت هاووڵاتی ئوزبەکستان یان کەرغیزستان بێت.

XS
SM
MD
LG