Accessibility links

فەرماندەیەکى پێشمەرگە: سوپاى عێراق لەناو موسڵ زیانى زۆرە بۆیە دەیەوێت خۆى رێکبخاتەوە


فەرماندەیەکى باڵاى هێزى پێشمەرگە ، ئاماژە بەوەدەکات سوپاى عێراق لە موسڵ زیانى زۆرە و هۆکارەکەشى بۆ زۆرى ژمارەى ئۆتۆمبێلە بۆمب ڕێژکراوەکان و چەکدارە قەناس بەدەستەکانى داعش دەگێرێتەوە.

جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەى هێزەکانى 70 ى پێشمەرگە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"سەربارى زیانە زۆرە مادى و مرۆییەکان ، بەڵام پێشڕەوى سوپاى عێراق لە موسڵ بەردەوامە."

ناوبراو وتیشى"سوپاى عێراق بۆ کەمکردنەوەى زیانەکانى خۆى ڕێکدەخاتەوە و دواتر هێرشى فراوان دەست پێدەکاتەوە."

دەربارەى هۆکارى زۆرى زیانەکانى سوپاى عێراق، جەعفەر شێخ مستەفا وتى"داعش ژمارەیەکى زۆر ئۆتۆمبێلى بۆمب رێژکراو و چەکدارى قەناس بەدەستى لەناو موسڵ دا جێگیرکردووە."

بەپێى وتەى فەرماندەى هێزەکانى 70 ى پێشمەرگە، لەئێستادا هەماهەنگى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق تەنها لەچوارچێوەى هەواڵگیریدایە ، بەو پێیەى سوپاى عێراق داواى هاوکارى سەربازى لێنەکردوون.

لە بەرامبەردا لیوا فازڵ بەروارى فەرماندەى هێزە ئاڵتونیەکانى عێراق لەبارەى زیانەکانیان لەشەڕى موسڵ دا ، تەنها ئەوەندەى وت"پێشڕەوى سوپا بە لەسەرخۆیى بەردەوامى هەیە."

لە کاتێکدا شەڕى نێوان سوپاى عێراق چەکدارەکانى داعش لەناو موسڵ درێژەى هەیە، هێشتا بە هەزاران هاوڵاتى سڤیل لەناو ماڵەکانیان ماونەتەوە و بەرپرسانى عێراقیش دەڵێن لەسەرخۆیى پێشڕەویەکان پەیوەندى بەوەوە هەیە کەنایانەوێت زیان بەو هاوڵاتیانە بگات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:00 0:00

XS
SM
MD
LG