Accessibility links

فەرماندەیەكى پۆلیسى سنوور زانیارى لەبارەى دەنگۆى كشاندنەوەیان لەناوچە سنووریەكان ئاشكرادەكات


دواى بڵاوبونەوەى هەواڵى كشاندنەوەى هێزەكانى پۆلیسى پاسەوانى سنور لەناوچە سنووریەكانى نێوان عێراق و ئێران ، فەرماندەیەكى پۆلیسى سنوور ئەو هەواڵە ڕەتدەكاتەوە و ئاماژەبەوە دەكات عێراق هێز لەناوچە سنووریەكان ناكێشێتەوە.

عەمید فەخرەدین عەبدوڵا فەرماندەى لیواى 3 ى پاسەوانى سنوورى سلێمانى ، لە لێدوانێكى تایبەتدا بۆ دەنگى ئەمەریكا ڕایگەیاند"هەفتەى پێشوو جێگرى وەزیرى ناوخۆى عێراق لەهەولێر لەگەڵ بەرپرسانى پۆلیسى سنووردا كۆبوەتەوە و هەواڵى چۆڵكردنى سنوور لەو كۆبونەوەیەوە دزەى پێكراوە."

فەرماندەى لیواى 3 ى پۆلیسى سنوورى سلێمانى ناوەرۆكى كۆبونەوەكەى ئاشكراكرد ، ئاماژەى بەوەكرد لەكۆبونەوەكەدا تەنها ئەوەندە وتراوە ، كە ناوچە سنوریەكانى نێوان عێراق و كۆمارى ئیسلامى ئێران بەراورد بە ناوچەكانى نێوان عێراق و سوریا و توركیا بێ‌ كێشەیە.

عەمید فەخرەدین وتى"كەچى راگەیاندن ئەم قسەیەیان هەڵگێراوەتەوە ، ئەگینا پۆلیسى سنور واجبى خۆى هەیە و دەمێنێتەوە."

سێ‌ لیواى سەربە پاسەوانى سنورى عێراق كە تایبەتن بەپاراستنى ناوچە سنوریەكانى نێوان عێراق و ئێران ، عێراق و توركیا لەهەرێمى كوردستان هەن ، كە ئەم لیوایانە هەرچەندە كوردن بەڵام سەربە وەزارەتى ناوخۆى عێراقن.

لەچەند رۆژى رابردوودا هەندێك میدیاى عەرەبى بڵاویانكردەوە ، حكومەتى عێراق پلانى بۆ كشاندنەوەى بەشێك لەو هێزانە و چۆڵكردنى ناوچە سنووریەكانى ئێران داناوە ، بەبیانوى ئارامى سنوورەكانى ئێران و گواستنەوەى ئەو هێزانە بۆ ناوچە سنوریەكانى نێوان عێراق وڵاتانى ترى وەكو توركیا و سوریا و كوەیت.

جەلال شێخ كەریم بریكارى وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى كوردستان، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"هەرچەندە لیواكانى پاسەوانى سنوور سەربە عێراقن ، بەڵام گەر پلانى كشاندنەوە لەناوچە سنوریەكانى ئێران بدرێت ئێمە لێى ئاگادار دەبین ، بەڵام بریارى لەو شێوەیە نەدراوە."

بەبرواى پسپۆرانى بوارى ئەمنى چۆڵكردنى ناوچە سنووریەكانى نێوان هەرێم و بەغدا لەرِووى ئەمنیەوە زیانى گەورە بە ئاسایشى هەرێمى كوردستان و عێراق دەگەیەنێت و لەمحاڵەتەدا بۆشایى ئەمنى دروست دەبێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:37 0:00

XS
SM
MD
LG