Accessibility links

وەزیرانی دەرەوە و بەرگری ڕووسیا و تورکیا و ئێران بۆ قەیرانی سوریا لە مۆسکۆ کۆدەبنەوە


کاربەدەسـتانی ڕووسیا و تورکیا دەڵێن وەزیرانی دەرەوە و بەرگری ڕووسیا و تورکیا و ئێران ڕۆژی سێشەممە لە مۆسـکۆ کۆدەبنەوە بە مەبەستی تاووتوێکردنی ئایندەی سوریا و بە تایبەتی شاری حەلەب.

کاربەدەسـتێـکی لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە لە ئستەنبوڵ بۆ میدیاکانی ڕاگەیاند ئامانجیان لەم کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوە، ئاڵوگۆڕکردنی تێڕوانینی هەرسێ وڵاتە لەسەر سوریا و هەنگاو بەرەو کوێ بنێن.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیاش لە بەیانـنامەیەکدا نووسیویەتی لە کۆبوونەوەکە سەنگی دەخرێتە سەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەم شەڕەی چەندان ساڵە درێژەی کێشاوە و هەروەها جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.

هەرسێ وڵات ئامانجی جیاجیان لە سوریا هەیە. ڕووسیا هەوڵی مانەوەی ڕژێمی سوریا دەدات تاوەکو بەرژەوەندیـیەکانی خۆی لەو وڵاتە بپارێزێت، لەوانە هێشتنەوەی بنکەی هێزی دەریایی ڕووسیا لە بەندەری تەرتوس. ئێرانیش بە هەموو شێوەیەک یارمەتی ڕژێمی سوریا دەدات بمێنێتەوە، ئەمەش لە پـێناو پاراستنی بەرژەوەندیـیەکانی خۆی لە ناوچەکە، وەکو هێشتنەوەی پـشتیوانی نزیک بۆ حزبوڵای لوبنان و هێشتنەوەی ڕژێمی ئەسەد کە ناکۆکیـیەکی قوڵی لەگەڵ عەرەبستانی سعودیـیەی نەیاری هەیە، بەڵام تورکیا خوازیارە بەشار ئەسەد لەسەر دەسەڵات نەمێنێت و حکومەتێـکی نزیک لە خۆی بێتە سەر دەسەڵات و هەروەها ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی کوردی دروسـت نەبێت کە بـبێتە جێی مەترسی بۆ تورکیا.

XS
SM
MD
LG