Accessibility links

ئەحمەد میرە: رۆژنامەنوسان سێجار تیرۆر دەکرێن؛ تیرۆری کەسایەتی، تیرۆری خانەوادەکەی و ئەتکردنی رۆژنامەوانەکەش


ساڵانە هەڵسەنگاندنی رەوشی رۆژنامەوانان لەتەوای جیهاندا لەڕێی زۆرێک لە ڕێکخراوە جیهانییەکانی وەک پەیامنێرانی بێ سنور (RSF) و رێکخراوی بەرگری لەرۆژنامەنوسان (CPJ) تێکڕا باس لەزۆرێک لەو توندوتیژی و پێشێلکاریانە دەکەن کە رۆژنامەنوسان لە وڵاتانی جیهاندا دووچاری بونەتەوە. بەتایبەتی وڵاتانی چین و ئەفغانستان و تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا و هاوکات بە گشتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کیشوەری ئاسیا و ئەفریکا و ئەمریکا و ئەوروپا.

بەپێی دوایەمین راپۆرتی پەیامنێرانی بێسنور ژمارەی ڕۆژنامەوانی دەسـتگیرکراو لە جیهاندا لە ساڵی 2016 زیادیکرووە و بە تایبەتی لە تورکیا کە لەسەرووی لیستەکەدایە.

ڕێکخراوەکە لە ڕاپـۆرتی ساڵانەی خۆی کە رۆژی سێشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی بڵاویکردووەتەوە، نووسیوێتی ژمارەی ڕۆژنامەوانان لە زیندانەکانی جیهان گەیشتووەتە 348 ڕۆژنامەوان، لەوانە زیاتر لە 100 کەسیان لە زیندانەکانی تورکیادان. ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ژمارەکە بەراورد بە ساڵی 2015 بە ڕێژەی 6% زیادیکردووە.

جگە لە حکومەتەکانی جیهان، گروپ و تاقمی جیاجیاش ڕۆژنامەوانیان دەسـتگیرکردووە و هەندێـکیان وەکو بارمتە گرتوون، لەوانە داعش 21 ڕۆژنامەوانی بردووە کە 10 یان لە عێراق بوون، حوسیـیەکانی یەمەن 15 ، بەرەی نوسرە و باڵەکانی تری قاعیدە 3 و لایەنی نەزانراو 13 ڕۆژنامەوانیان بردووە.

ڕاپـۆرتەکە باس لەوەش دەکات لە ئەمساڵدا 21 ڕۆژنامەوانی ژن خراونەتە زیندانەوە کە دوو لەسەر سێـیان لە تورکیادان. ساڵی 2015 تەنها 5 ڕۆژنامەوانی ژن لە زینداندا بوون.

ئاسۆ جەبار سەبارەت بەو راپۆرتانە بۆ هەفتەنامەی رەهەندەکان میوانداری سەرنوسەری گۆڤاری لڤین؛ ئەحمەد میرە کردووە...

ئەحمەد میرە دەڵێت "لەتورکیا رەوشێکی جیاوازتر هەیە لەچاو ئەوەی کە لەهەرێمی کوردستاندا هەیە، ئەوەی لەتورکیادا دەگوزەرێ بەشێکە لەململانێ سیاسی و وە هێشتا لەتورکیا زیندانی و گرتن هەیەو راوەدونانی رۆژنامەنوسان لەتورکیا و ئێران لەئاستێکی بەرزدایە. بەڵام نەگەیشتۆتە ئاستی لەناوبردنی جەستەیی".

هاوکات دەڵێت "ئەوەی لەهەرێمی کوردستاندا هەیە، تیرۆری رێکخراوەیی دەوڵەتییە، کە دەوڵەت و دەستەکانی حیزب لەپشت تریرۆرکردنی ئەو رۆژنامەنوسانەوەن کەراستەوخۆ لەو دەزگایانەدا کار دەکەن کە لەگەڵ حیزبە فەرمانڕەواکاندا تەبا نابن".

ئەحمەد میرە دەڵێت "لەهەموو مەترسیدارتر ئەوەیە کە رۆژنامەنوسان تیرۆر دەکرێن، هەر تیرۆرکردن نیە، بەڵکو دووجار تیرۆر دەکرێن، هەم کەسایەتی و هەم خۆی بە جەستە تیرۆر دەکرێت، هەم خانەوادەکەی تیرۆر دەکرێت".

هەوەها دەڵێت "تیرۆرکردنی شکور زەینەدین کە لە بادینان سیناریۆیەکیان بۆ داتاشی، کە گوایە بەراز خواردوێتی، ئەمە نەلەگەڵ لۆجیکی سیاسی نە ئاسایشیدا ناگونجێ. ئەم جۆرە مامەڵەکردنە لەیەک کاتدا سێ جۆرە تیرۆرە؛ تیرۆری کەسایەتیە، تیرۆری خانەوادەکە، دواجار کاردنە لەسەر ئەتکردنی رۆژنامەوانەکە".

سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش ئەحمەد میرە دەڵێت "ئەوەی لەهەرێمی کوردستاندا پیادە دەکرێ؛ دیاردەیەکی زۆر مەترسیدارە لەچاو هەموو دیاردەی کوشتنی رۆژنامەنەوسان لەسەراسەری جیهاندا".

هاوکات دەڵێت "ئەو کەیسی تیرۆرکەردنی رۆژنامەنوسانە، بێجگە لە کەیسی شەهید کاوە گەرمیانی کە تۆزێک بەرەو پێشچوونی جیاوازتری تیادا بوو؛ بەوەی کە بکوژەکەی ئێستا لەزیندانە و فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، تا ئەندازەیەکی زۆر دەستی پشت تیرۆرکردنی ئاشکرایەو هۆکارەکەشی ئاشکرایە. بەڵام گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لەگەڵیدا نەکراوە. بەڵام ئەو کەیسانەی تر کە زۆرینەن و پارتی تیادا تاوانبارە نە بوکژ دیارە نە ئەو دەستانەی کە لە پشت ئەو تیرۆرانەوە بوون دیارن".

لەڕێی ئەم بەستەرەوە دەتوانن گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە ببن....

please wait

No media source currently available

0:00 0:20:25 0:00

XS
SM
MD
LG