Accessibility links

لیوا مەردان: هێزى داعش لە ڕێگەى زنجیرە چیاى حەمرینەوە هاتوچۆى پارێزگاکان دەکات


فەرماندەى میحوەرى قەرەتەپەى سەربە پارێزگاى دیالەى هێزى پێشمەرگە، ئاماژە بەوەدەکات هێزەکانى داعش لە رێگەى زنجیرە چیاى حەمرینەوە لە نێوان پارێزگاکانى موسڵ ، کەرکوک ، سەڵاحەدین و دیالەدا هاتوچۆ دەکەن و هێز بەو ناوچانەدا دەسورێننەوە.

لیوا مەردان چاوشین فەرماندەى میحوەرى قەرەتەپەى پێشمەرگە، پـێیوایە زنجیرە چیاى حەمرین و ناوچەکانى نێوان پارێزگا سونەنیشینەکان هێندە فراوانە بە هیچ هێزێکى سەربازى کۆنترۆڵ ناکرێت ، دەڵێت"داعش سودى لە فراوانى و بۆشایى ئەمنى ناوچەکە وەرگرتووە و مەفرەزەى چەکدار لە نێوان پارێزگاکاندا ئاڵوگۆڕ پێدەکات."

قسەکانى ئەو فەرماندەیەى پێشمەرگە، لەکاتێکدایە پێشتر راپۆرتێکى نهێنى ئاراستەى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى پەرلەمانى عێراق کرابوو لەسەر زۆربوونى ژمارەى چەکدارەکانى داعش لەقەزاى حەویجە رۆژئاواى کەرکوک، هەروەها دوو هەفتە لەمەوبەریش داعش تاوەرەکانى کارەباى نێوان ناحیەکانى جەلەولا و قەرەتەپەى لەپارێزگاى دیالە تەقاندبویەوە.

لیوا مەردان چاوشین، روونیشیکردەوە لە ئێستادا داعش خۆى رێکدەخاتەوە و مەفرەزەى چەکدار رەوانەى ناوچە دوورە دەست و بێ‌ کێشەکان دەکات ، وتى"ئەو چەکدارانەى داعش کە هاتونەتە سنورى حەمرین سەرجەمیان شارەزاى جوگرافیاى ناوچەکەن."

دروستبونەوەى جم و جۆڵى داعش لە کاتێکدایە، سونەکانیش لە هەوڵدان بۆ پێکهێنانى هێزى چەکدار و چەند رۆژێک لەمەوبەریش هەوڵى ناردنى فەوجێکى 100 چەکدارى درا بۆ سنورى قەرەتەپە، بەڵام کورد رەتیکردەوە.

لەو بارەیەوە لیوا مەردان وتى"دروستکردنى حەشدى نیشتیمانى سونەکان و رازیبوون یان رازى نەبونى پێشمەرگە لەسەر رێکەوتنى سیاسى نێوان هەولێر و بەغدا دەوەستێتەوە."

دەستپێکردنەوەى جم و جۆڵى داعش لەپارێزگا سونەنیشینەکان ، لە کاتێکدایە شەڕ لەناو موسڵ بەردەوامە و بەرپرسانى عێراقیش باس لە وەدەرنانى داعش لە عێراق دەکەن.

XS
SM
MD
LG