Accessibility links

بەرزان فەرەج: لە زیندانەکانی ئەوروپادا کادیری تیرۆریستی زۆر مەترسیدار دروستبووە


تیرۆر تەنها بەرپاکردنی کردەوەگەلێکی ترسناک و دڕندەئاسا نیە لەپێناو کوشتن و لەناوبردن یان کۆمەڵکوژی و تەنها هەڵمەتێکی زەبرزەنگامێز و پەرگیرانە بێت، بەڕای شارەزایان و لێکۆڵەراوانی بواری تیرۆر و تیرۆریزمی جیهادگەرایی؛ تیرۆر هێزێکی ئایدۆلۆژیەو هەڵکەوتەی ئەو واقعە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و ئابورییە کە بەرهەمهێنەری توندڕەوی و زەبروزەنگن لەئاستێکی ترسناکدا.

بەڵام ئایا بەکۆتایی داعش، تیرۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کۆتایی پێدێت ؟ ئایا بە جیهانیبوون و بە نێونەتەوەییبوونی تیرۆریزمی جیهادی چەند توانای بەهێزکردنی ئەو تۆرە جیهادییەی دەبێت؟ ئەم پرسیارانەو چەندین پرسیاری دیکە لە هەفتەنامەی رەهەندەکاندا ئاڕاستەی نوسەر و توێژەرو بەرزان فەرەج دەکرێت کە ئاسۆ جەبار میوانداری کردووە بۆ وتوێژی ئەم هەفتە رۆناکبیرییە...

بەرزان فەرەج دەڵێت "دوا راپۆرتی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوەداوە کە زیاتر لە 2500 تیرۆریست لەگەڕانەوەدان بەرەو ئەوروپا بۆئەوەی لەوێوە خەباتی جیهادی خۆیان بەردەوامی پێدەدەن".

هەروەها دەڵێت "جەنگ لەناو خودی ئەوروپادا بۆ لەناوبردنی خودی تۆڕی تیرۆریزمی داعش و بیروباوەڕی توندڕەوی".

سەبارەت بەگرتنەبەری رێوشوێنە ئاساییشییەکان دەڵێت "یەکێک لەو شتانەی کە دەسەڵاتدارە ئەوروپییەکان کاری لەسەر دەکەن، لەپاڵ داعشدا خەباتکردنە و وەهەوڵدانە بۆ لەناوبردنی بیری سەلەفیزم لەناو کۆمەڵگەی رەوەندە ئیسلامییەکانی ئەوروپادا".

دەشڵێت"زوربەی رێکخراوە سەلەفییەکان ئەو رێکخراوانەی کە بە ناو لەژێر چەتری کۆمەڵەی کولتوری و هەندێک مزگەوتی ناشەرعی لەناو کۆمەڵگە ئەوروپییەکاندا و لەناو شارەکاندا مزگەوتیان کردۆتەوە و کۆمەڵەی کولتوریان دامەزراندووە، ئەمانە بۆخۆیان بونەتە شوێنگەی پێگەیاندنی کاندیدی تیرۆریست و کاندیدی داعش. لەبەرئەوە یەکێک لەو جەنگانەی کە فەرەنسا ئاشکرای کرد، جەنگە دژی سەلەفیزم، نەک تەنها داعش".

هاوکات "لەزیندانەکانی ئەوروپادا کادیری تیرۆریستی زۆر مەترسیدار دروستبووە".

بەرزان فەرەج باس لەو تیرۆریستانە دەکات کە لە زینداندا پەروەردە بوون و کاری مەترسیداریان ئەنجامداوەو دەڵێت"هەردوو بڕاکە سەعید و شەریف کواشی و حەمید کولیباری کە کارە تیرۆریزمییەکانی شارڵی ئەبیدۆیان ئەنجامدا، ئەوانە لەناو زینداندا رێکخراون و کران بە کادیری تیرۆریستی و دوایی کە بەڕەڵا کران؛ ئەو کارە تیرۆریستییە ترسناکەیان ئەنجامدا".

لەڕێی ئەم بەستەرەوە دەتوانن گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە ببن.....

XS
SM
MD
LG