Accessibility links

لە کاتێکدا هێزەکانی عێراق دەچنە موسڵەوە، ژمارەیەک لە دانیشتوان هەست بە پارێزراوی ناکەن


لە کاتێکدا هێزەکانی عێراق لەم هەفتەیەدا ملیتانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە گەڕەکەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ دەردەکەن سەدان کەسی سڤیل لە ڕەوشێکی زۆر خراپدان. لە ناوچەیەکدان کە شەڕێکی قورسی تێدایە هێزەکانی حکومەت دەوروبەریان گرتووە کە ڕەنگە هێشتا هەندێکیان بڕوایان پێیان نەبێت، و یان گومانیان هەبێت لە ڕاکردنیان بۆ کەمپەکانی ئاوارەکان.

ڕۆژی سێشەممە هێزە تایبەتەکان چوونە نێو ناوچەی گۆجەلی، هەزاران دانیشتووی ناوچەکە ئاوارە بوون بەرەو ڕۆژهەڵات ڕایان کرد کە ژمارەیەکی زۆریان مەڕو ماڵاتیشیان لەگەڵ خۆیاندا بردبوو.

بەڵام هێشتاش ژمارەیەکیان لەلایەن سەربازەکانەوە پێیان گوتراوە لە ماڵەکانیان بمێننەوە لە کاتێکدا شەڕ بەردەوامەو گەیشتۆتە کەنار شار لەگەڵ ئەو توندڕەوانەی کە دوهەمین گەورەترین شاری عێراقیان کۆنترۆڵ کردووە. ئەو سڤیلانەی کە لەوێ ماونەتەوە لە ڕێزەکانی پێشەوەی شەڕ گیریان خواردووە.

لە كاتێکدا کاروانێکی ئۆتۆمبێلە لەشکرییەکانی هێزی عێراقی بە شەقامە تەنگەکاندا دەڕۆشتن ژمارەیەک لە خێزانەکان سڵاویان لێیان دەکرد، هەندێک لە منداڵەکان هاواریان دەکرد و پێدەکەنین لەگەڵ سەربازەکان، بەڵام لە هەمانکاتیشدا ژمارەیەک لە خێزانەکان نیگەرانیان پێوە دیار بوو. لە ناوەندی شارۆچکەکەش ژمارەیەک کەس ڕیزیان بەستبوو تا کەرەستەی فریاکەوتن وەربگرن.

دانیشتویەک لەو شوێنەی کە کەرەستەی فریاکەوتنەکە دابەش دەکرا بە ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتدی گوتووە لە گەڕەکەکەی ئەوان دانیشتوان زیاتر نیگەران بوون. گوتی " هەست ناکەین بە تەواوەتی پارێزراوین، لەوانەیە لەسەدا 50 پارێزراو بین." گوتی کەناری ناوچەکەیان بۆردومان دەکرێت لەلایەن گروپی دەوڵەتی ئیسلامییەوە.

ئەو دانیشتووە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت چوونکە هێشتا کەسوکاری لە ناو موسڵ ماون گوتی هەوڵی دابوو ڕابکات بەڵام هێزەکانی لەشکری عێراقی پێیان گوتبوو دەبێت لە گۆجەلی بمێنێتەوە. گوتی هەموان لێرە گیریان خواردووە و خەڵکی نیگەرانن.

XS
SM
MD
LG