Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت داعش دەیان هەزار کەسی لە موسڵ کردووە بە قەڵغانی مرۆیی


گوتەبێژی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت چەکدارانی داعش دەیان هەزار ژن و منداڵ و پـیاویان لە دەوروبەری موسڵ بردووە و لە ناو شاری موسڵ وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکاریان دەهێنن.

ڕاڤینا شەمدەسانی ئەمڕۆ هەینی گوتی ڕاپـۆرتی بڕواپـێکراو هەن باس لەوە دەکەن لەوەتای ئۆپەراسیۆنی موسڵ دەسـتیپێـکردووە، چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی دەوروبەری موسڵ بە زۆر دەیان هەزار کەسیان لە ماڵەکانیان دەرکردووە و بردوویانن لە ناو شاری موسڵ دایانـناون. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد نزیکەی 8 هەزار خێزان دەبن و بەشێـکیان لە شارۆچکەی شۆرەی باشوری موسڵەوە براون.

ئەم کاربەدەسـتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتیشی ڕۆژی چوارشەممەش چەکدارانی داعش لە ناو موسڵ 232 کەسیان کوشتووە، لەوانە 190 کەسیان پـێشتر لە نێو هێزەکانی ئاسایشی عێراقدا بوون، 42 کەسەکەی دیکە خەڵکی سـیڤیل بوون، ئەمەش بە تاوانی ڕەتکردنەوەی فەرمانەکانی داعش.

XS
SM
MD
LG