لەگەڵ نزیكبونەوەى وادەى هێرشكردنە سەر قەزاى حەویجەى رۆژئاواى كەركوك ، دانیشتوانى ئەو قەزایە و گوندەكانى دەوروبەرى بەلێشاو هەڵدێن و ژێر دەسەڵاتى داعش بەرەو سەنگەرەكانى پێشمەرگە جێدەهێڵن.
شوان حەمەغەریب فەرماندەى لیواى دووى هێزى پێشمەرگە، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"فرۆكەكانى ئەمەریكا و فرۆكە عێراقیەكانیش دانیشتوانى حەویجەیان ئاگادار كردووەتەوە ناوچەكە جێبهێڵن ، چونكە هێرش بۆ سەر داعش دەست پێدەكات."
وتیشى"فرۆكەكانى هاوپەیمانان بەم نزیكانە بۆردومانى چرِى ناوچەكە دەست پێدەكەن بۆیە خەڵكەكەش بەرەو لاى پێشمەرگە هەڵدێن."
دانیشتوانى حەویجە جگە لەترسیان لە بۆردومانى فرۆكەكان ، هاوكات ترسیان لە هێزەكانى حەشدى شەعبیش هەیە بەوەى كوشت و برِیان بكات، بەتایبەت كە ئەو هێزە لەشەرى كۆنترۆڵكردنەوەى حەویجەدا بەشدار دەبێت.
بەڵام عەمید كاوە غەریب فەرماندەى پۆلیسى داقوق لەباشورى كەركوك، پێیوایە زۆربەى ئەو خەڵكانەى لەئێستادا حەویجە جێدەهێڵن كەس و كارى داعشە شەرِ كەرەكانن، بۆیە داعش رێگەى هەڵاتنیان پێدەدات.
قەزاى حەویجەى رۆژئاواى كەركوك كە بریارە بەم نزیكانە هێزەكانى پێشمەرگە و هێزە عێراقیەكان هەوڵى كۆنترۆڵكردنەوەى بدەن ، یەكێك لەو ناوچانەى كە لەدواى روخانى بەعسەوە جێ پێگەى گروپە چەكدارەكان بووە.