وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بە سەردانێـک لە تورکیایە و بڕیارە لەم سەردانەی لەگەڵ کاربەدەسـتانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبـبێتەوە و هەروەها لەگەڵ گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریاش کە لەوێ مەشق و ڕاهێنانیان پـێدەکرێت.
بۆریس جۆنسۆن ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتە ئستەنبوڵ و لەوێوە بەرەو شاری عەنتابی باشوری تورکیا بەڕێکەوت بە مەبەستی سەردانی کەمپـێـکی ئاوارەکانی سوریا. لە کەمپەکە چاوی کەوت بە ڕەوشی خەڵکی ئاوارەی سوریا و هەروەها لەگەڵ کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کۆبووەوە کە خزمەتگوزاریـیەکان پـێشـکەشی ئاوارەکان دەکەن. هەر لە غازی عەنتاب سەردانی بنکەیەکی مەشقی ئۆپـۆزسیۆنی کرد کە لەوێ کۆمەڵێـک لە بەرگری شارستانی سوریا ڕاهێنانیان پـێدەکرا لەسەر چۆنیەتی بۆچەڵکردنەوەی بۆمب.
چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ هاوتا تورکەکەی مەولود چاوشئۆغڵو ڕۆژی سێشەممە کۆبـبێتەوە و هەروەها لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و بن عەلی یەڵدرم سەرۆک وەزیر و پاشان سەردانی پەرلەمان بکات.
ئەمە یەکەم سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیایە بۆ تورکیا لە پاش کودەتا شکستخواردووەکەی مانگی حەوت.
جێی ئاماژەیە بۆریس جۆنسۆن یەکێـک بوو لەوانەی مەسەلەی هەوڵی تورکیا بۆ چوونە یەکێتی ئەوروپایان کردبووە هۆکارێـک بۆ دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا.
یەکێـک لەو دروشمانەی لایەنگرانی دەرچوون بەرزیان کردبووەوە ئەوە بوو " تورکیا و 75 ملیۆن کەس لە دانیشتوانی وا دێنە نێو یەکێتی ئەوروپا."