ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی تورکیا ئەنادۆڵۆ ڕادەگەیەنێت دواکارییەکی فەرمی ئامادەکراوە بۆ دەستگیرکردنی کاتیی فەتحوڵا گولەنی کەسایەتی ئاینی بنکە لە ئەمەریکا لەسەر ئەوەی گوایە دەستی هەبووە لە کودەتا سەرنەکەوتووەکەی 15 ی مانگی ڕابوردوو.
لەو داواکارییەی کە لەلایەن ئۆفیسی دادپرسی گشتی ئەستەنبوڵەوە کراوە هاتووە کە کودەتاکە بە فەرمانی گولەن بووە و داوا دەکرێت دەستگیر بکرێت هەتا ئەو کاتەی کە داوای فەرمی گێڕانەوەی پێشکەش دەکرێت.
وەک ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد پرێس ڕیدەگەیەنێت ئەو داخوازینامەیە لە ڕۆژی شەممە ڕەوانەی وەزارەتی دادی تورکیا کراوە تا پەسەند بکرێت و بدرێت بە کاربەدەستانی ئەمەریکا.
ئاژانسەکە دەشڵێت شاندێکی وەزارەتی دادی ئەمەریکا لە 22 ی مانگی 8 دەگەنە تورکیا بۆ تاووتوێکردنی گێڕانەوەی.
ئاژانسی ئەنادۆڵۆ لە ڕۆژی شەممە ڕایشیگەیاندووە کە سەرۆک وەزیر بینالی یێلدەرەم ڕایگەیاند جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن لەو کاتەدا سەردانی تورکیا دەکات.