Accessibility links

ئالان پەری: فەرهەنگی ئێمە کوشتن و بڕین نیە، فەرهەنگی ئێمە مۆزیک و شیعر و جوانییەکانە


جیهان سەرزەمینێکی شارستانی کولتورییە بۆ سازکردن و بەرپاکردنی ژیانێکی هەمەچەشنی فەرهەنگی و ئابوری و شارستانی و سیاسی، بەڵام بەڕای شارەزایان کاریگەری مرۆڤ لەسەر کایە فەرهەنگی و شارستانییەکان پێکڕا دەبنە خولقێنەری پەیوەندی و جیاوزییەکان.

نەوەی نوێ و کاریگەری گەنجانی کۆمەڵگە جیاوازەکان لە خۆرئاوا وابەستەی زیاد لەبوارێکی فەرهەنگی و ژیارییە کە لەڕووی کۆمەڵناسی و فەرهەنگناسی و ئاینناسییەوە توێژینەوەو وردبونەوەی زیاتر دەخوازێت.

لەوبارەیەوە ئاسۆ جەبار بۆ بەرنامەی رەهەندەکان وتووێژێکی لەگەڵ نوسەر و چالاکوانی فەرهەنگی ئالان ئیسحاق پەری سازکردووە.

سەبارەت بە گەنجانی کورد ئالان پەری دەڵێت "گەنجانی کورد لە ئەوروپا دەیەوێت هەموو ئەو شتانەی کە لێرە لەبەردەستدایە بەکاریبهێنێت، چ لەڕێی خوێندنی باڵاوە چ لەڕێی نمایشکردنی فەرهەنگی خۆی، چ لەڕێی ئەوەوەی کە بیسەلمێنێت کە ئەویش گەنجێکە توانای ئەوەی هەیە شتێک پێشکەش بە کۆمەڵگە بکات".

سەبارەت بە رەوەندی کورد لەخۆرئاوا ئالان پەری دەڵێت "نزیکەی 20 ساڵ لەمەوبەر رەوەندی کورد پتر بایەخیان بە بۆنە حیزبییەکان دەدا، بەڵام ئێستاکە کە کۆبونەوەیەکی حیزبی دەبێت 3 بۆ 4 کەس لە کۆبونەوەکانیاندا ئامادە دەبن؛ ئەوەش دەرئەنجامێکە کە خەڵکی ئێرە متمانەی بە حیزبەکان نەماوە، بۆیە لەڕێی کەناڵە فەرهەنگییەکانەوە، لەڕێی فیستیڤاڵەکان و چالاکی و هەفتە کولتورییەکانەوە دەیانەوێت رۆڵی خۆیان بەشێوەیەکی زۆر پۆزەتیڤانە پێشکەشبکەن".

"رەوەندی کورد لەخۆرئاوا نە مەیلی حیزبی هەیە نە ئاینی، تەنها دەیەوێت کولتوی خۆی لێرە بسەلمێنێت".

لەبارەی چالاکییە فەرهەنگییەکانی کوردانی خۆرئاواوە ئالان پەری دەڵێت "فیستڤاڵێکمان ئەنجامدا بەناوی فیستڤاڵی خانمانی میزۆپۆتامیا؛ ،بەڕای ئێمە دەتوانین لەخانمانەوە دەستپێبکەین و پیشانیبدەین خانمی میزۆپۆتامیا لە ڕابردوو و ئێستادا چۆن بووە، دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، خەڵکێکی زۆریش بەشداریکرد".

دەشڵێت "ئێمە دەتوانین بە خۆرئاوا بڵێن؛ فەرموون ئەمە فەرهەنگی ئێمەیە، فەرهەنگی ئێمە کوشتن و بڕین نیە، فەرهەنگی ئێمە مۆزیک و شیعر و جوانییەکانە".

لەبارەی کڵێشەسازی ژیانی شارستانی وڵاتانی سکاندەنافیا سەبارەت بە کۆمەڵگە جیاوازەکان ئالان پەری دەڵێت "دانمارکییەکان دەڵێن ئێمە بە جیاوازییەکانمانەوە جوانین، ئەگەر هەمومان لەیەکبچین، کەواتە ئێمە هیچ شتێکمان نیە پێشکەشی ئەوانی دیکەی بکەین".

دەشڵێت "وڵاتە سکاندەنافییەکان خاوەن مۆدێلێکی زۆر جیاوزی شارستانین، چ لەڕووی کولتورییەوە، بەتایبەتی لەڕووی کۆمەڵناسییەوە، چونکە کەشێکی زۆر ئازادیان خوڵقاندووە، ئازادییەکی لەرادەبەدەر هەیە، هاوکات لەگەڵ ئەوانەشدا هانی خەڵک دەدەن بێنە ناو کۆمەڵگەوە، ئەوان وا ناکەن کە خەڵک دورربکەوێتەوە، یاخود لە شوێنێکی جیاوز پەرتەوازە بێت ، دەیانهێننەوە ناو کۆمەڵگە؛ بەزۆر شێواز لەڕێی یارمەتیدان و هاندانیان بۆئەوەی بێنە ناو بازاڕی ئیشکردن، کڵاسەکانی خوێندنی زمان و ئازادی کۆمەڵە دروستکردن".

"لەوڵاتانی سکاندەنافیا جیهادییەکان زۆر کەمن، لەبەرئەوەی مۆدێلی ئەو وڵاتانە زۆر جیاوازن"

لەڕێی ئەم بەستەرەوە دەتوانن گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە ببن.....

please wait

No media source currently available

0:00 0:25:09 0:00

XS
SM
MD
LG