Accessibility links

کاروان کەمال: کردەوە تیرۆریستییەکان نێوبانگی ئاسایشی و سیستمی پاراستنی ئەوروپای زڕاند


تیرۆر لە خۆرئاوا، راڤەکاری و شیکردنەوەی ئەو عەقڵیەتە کوشندەییەی کە لەپشت ئەو جیهادیانەوە ئامادەگی هەیە بۆ بەرپاکردنی هێرشی وەک ئەوەی شاری نیس لە فەرەنسا و هاوکات چەقۆکێشەکەی داعش لە ئەڵمانیا جێی لێکۆڵینەوە وتووێژینەوەی رژدن. جیهادییەکان و ناوەندە ئیسلامییە توندڕەوەکان لە ئەوروپا تێکڕا بونەتە جێی پرسیار و لێکۆڵینەوە. کردنەوەی چەندین دەروازەی راڤەکاریی و وردبونەوە لە تیرۆر و جیهادگەرایی تێکڕا چاودێرانی خستۆتە بەردەم کۆمەڵێک رەهەندی جومگەیی کە تێکڕا گفتوگۆو شیکاریی گەورە دەخوازێت.

کێشەکە تەنها تیرۆر نییە، داعش و مەترسییەکانی تیرۆر سەرجەم جیهانی لەیەک گۆڕەپانی جەنگ و پڕ کێشمەکێشی سەربازی و ناوچەیی و ئاینییدا کۆکردەوە، بەڵام ئایا خودی مرۆڤ و پەروەردە و ئاین و جیهان بەشدار نیین لەم نەهامەتییە گەورەیەدا.

ئایا جیهادییەکان و رادیکالیستە ئیسلامییەکانی خۆرئاوا مەترسییەکی گەورەی شارستانی و کۆمەڵایەتین بۆ وڵاتانی خۆرئاوا؟

بۆ ئەم مەبەستە ئاسۆ جەبار لەدەنگی ئەمریکاوە وتووێژێکی لەگەڵ چاودێری سیاسی کاروان کەمال شەریف سازکردووە.

کاروان کەمال دەڵێت"ئەو کردەوە تیرۆریستیانەی ئەم دواییانەی ئەوروپا کاریگەریان هەیە لەسەر ئاستی ئاسایشی کەسی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی لەناو کۆمەڵگە نێوخۆییەکانی ناوخۆی وڵاتانی ئەوروپا، بەو پێیە ناو نێوبانگی ئاسایش و سیستمی پاراستن و ئاسایشی ئەوروپی لەدنیادا واڕۆیشتووە کە سیستمێکی هێجگار تۆکمە و هێجگار سیستمێکی دامەزراو و پێشکەوتووە، ئەمانە پێماندەڵێن ئەم سیستمە پێشکەوتووەش هێشتا لەڕووبڕوبونەوەی گروپی تیرۆریستی تا ڕادەیەک سادەو ساویلکانەشدا زۆر تۆکمەو خۆگر نیە و دەکرێت ئەم سیستمانە بکەونە بەر هەڕشەی جیدی".

هەروەها دەڵێت "جاری وا هەیە رێکخراوی تیرۆریستی داعش سودمەند دەبێت لەهەندێک کردەوە کە رەنگە راستەوخۆ دەستی نەبووبێت لەئەنجامدانیدا، بەڵام لەکۆتاییدا دەڵێت من بووم، بەهۆی ئەوەی کە ئەنجامدەرانی کردەوە تیرۆریستییەکان تیاچوون و کوژراون".

سەبارەت بە یەکێکە لەڕێگەچارە ستراتیژییەکان کاروان کەمال دەڵێت "پێویستە ئەوروپا نزیکبوونەوەو ئاشنایی زیاتر لەگەڵ ئەو کۆمەڵگانەدا دروستبکات کە بە جۆرێک لەجۆرەکان نابەهرەمەندن نادادپەروەرانە نا سودمەندبوون لەخێرو بێرو بەرەکەتی رەوتی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابوری خۆرئاوا، بەشێوەیەکی گشتی دەوڵەت خۆی و کمەڵگە بە ڕەچەڵەک ئەوروپییەکان لێی سودمەندن نەوەک کۆمەڵگە پەراوێزەکان".

لە ڕێی ئەم بەستەرەوە دەتوانن گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە بن.....

please wait

No media source currently available

0:00 0:15:29 0:00

XS
SM
MD
LG