Accessibility links

فەڕەنسا باری نائاسایی درێژدەکاتەوە


سەرۆکی فەڕەنسا دەڵێت ئەو هێرشەی بە لۆریەکەوە کرا لە شاری نیس و بووە مایەی کوژرانی 84 کەس و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵک هەموو تایبەتمەندێتیەکانی هێرشی تێرۆرکاری تیادایە.

لە وتارەکەیدا بۆ فەڕەنسا فرانسوا ئۆلاند ئاماژەی بەوە کردووە کە "هیچ شتێک وەهامان لێناکات دەست لە شەڕی دژی تێرۆریزم هەڵگرین."

لەو وتارەیدا سەرۆکی فەرەنسا باسی لە هێرشە تێرۆرکارییەکەی مانگی 11 ی پاریس کرد و وتی هەموو فەڕەنسا لەژێر هەڕەشەی دەوڵەتی ئیسلامیدایە.

سەرۆکی فەڕەنسا دەڵێت دەبێت سوربوونی خۆمان نیشان بدەین بۆ پوچەڵکردنەوەی پیلانەکانی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی.

هێرشبەرەکە کە کوژراوە وەها ناسێندراوە کەسێکی تەمەن 31 ساڵی فەڕەنسی بە ڕەسەن تونسییە و دانیشتوی شاری نیس بووە، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە پشتڕاست نەکراوەتەوە ئایا پەیوەندی بە دەوڵەتی ئیسلامییەوە هەبووە یان نا، وەک سەرۆکی فەڕەنسا دەڵێت دەسەڵاتداران بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە لە ناسنامەی ئەم هێرشبەرە.

فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی فەڕەنسا
فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی فەڕەنسا

فرانسوا ئۆلاند دەڵێت ئەو باری نائاساییەی لە فەڕەنسا ڕاگەیەندرابوو و بڕیاربوو لە درەنگانێکی ئەم مانگەدا کۆتایی پێبێت، بۆ ماوەی سێ مانگی تر درێژ دەکرێتەوە و دەشڵێت دە هەزار سەربازی تر زێد دەکرێنە سەر ئەو هێزە ئاسایشیانەی ئەرکی پاراستنیان لە ئەستۆدایە.

سەرۆکی فەڕەنسا دەڵێت ڕۆڵی وڵاتەکەشی لە عێراق و لە سوریاشدا بەهێزتر دەکات.

هێرشبەرە فەڕەنساییە تونسییەکە بە لۆریەکەیەوە درەنگانێکی ڕۆژی 5شەممە خۆی کردووە بەناو ئاپۆڕەی خەڵکدا لە دەمی ئاهەنگ گێڕانی "ڕۆژی باستیل" یان ڕۆژی سەربەخۆیی فەڕەنسا.

XS
SM
MD
LG