دوو ڕۆژنامەوانی کورد کە بۆ ڕووماڵکردنی ڕزگارکردنی شاری مەنبج لە داعش لەو ناوچەیە بوون، بە هۆی تەقینەوەی بۆمبێـکی چێنراو برینداربوون.
مستەفا محەمەد پەیامنێری کەناڵی تەلەفیزیۆنی ڕووناهی و کەنداڵ جودی پەیامنێری ئاژانسی دەنگوباسی هاوار دوێنێ چوارشەممە یاوەری هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن لەو کاتەی دەگەنە شوێنێـکی گرنگ لە ناوەندی شارەکە، بەڵام بۆمبێـکی داعش پـیایاندا تەقیوەتەوە و مستەفا بە سەختی برینداربووە.
کەنداڵ بەهۆی سووکی برینەکانی لە نەخۆشخانەی کۆبانی چارەسەری بۆ دەکرێت، بەڵام مستەفا شەوی چوارشەممە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی قامیشلوو.
زانا عومەر پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە قامیشلوو دەڵێت بەپـێی ئەکرەم بەرەکات سەرۆکی یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد، مستەفا محەمەد هەردوو قاچی پەڕێوە و باری تەندروستی باش نیـیە.
جێی ئاماژەیە ئەم دوو ڕۆژنامەوانە هەر لە دەسـتپـێـکردنی ئۆپـۆراسیۆنی مەنبجەوە ڕووماڵی شەڕەکانیان کردبوو.