Accessibility links

دەنگى ئەمەریكا ناوى ئەو ئەفسەرە كوردانەى كەركوک ئاشكرا دەكات كە وەزارەتى ناوخۆى عێراق بێ‌ ڕەزامەندى كورد خانەنیشینى كردوون


حكومەتى عێراق بڕیارى خانەنیشین كردنى بەشێک لە ئەفسەرە باڵا كوردەكانى پۆلیسى پارێزگاى كەركوكى دەركردووە و بریارەكەى ڕەوانەى كەركوک كردووە ، نوێنەرانى كوردیش بە ئامانج كردنى پلەدارە كوردەكان لەلایەن وەزارەتى ناوخۆى عێراقەوە بە هێڵى سور ناودەبەن.

یەكێک لەپلەدارە باڵا كوردەكانى كەركوک كە داوایكرد ناوى بڵاونەكرێتەوە ، ناوى ئەو ئەفسەرە كوردانەى بۆ دەنگى ئەمەریكا ئاشكرا كرد كە حكومەتى عێراق دەیەوێت خانەنیشیان بكات و ، ڕایگەیاند"حكومەتى عێراق هەموو ئەو ئەفسەرە كوردانەى بەنوسراو خانەنیشین كردووە كە ئەفسەرى دیار و ڕۆڵدارى كەركوكن."

وتیشى"هەریەک لە عەمید سەرحەد قادر بەرێوەبەرى پۆلیسى قەزاوناحیەكان ، عەمید كاوە غەریب فەرماندەى پۆلیسى قەزاى داقوق ، عەمید محەمەد شێخ بزێنى و عەمید مەلا یادگار لەنێو ئەو لیستەدان كە وەزارەتى ناوخۆى عێراق خانەنیشینیان دەكات."

هاوكات ئازاد جەبارى سەرۆكى لیژنەى ئەمنى لەئەنجومەنى پارێزگاى كەركوک ، ئاماژەى بەوەكرد حكومەتى عێراق بەكۆمەڵ ئەفسەرانى كورد خانەنیشین دەكات و دووریان دەخاتەوە ، بەڵام هەرێمى كوردستان بێ‌ هەڵوێستە.

لاى خۆشیەوە دكتۆر فەرهاد قادر ئەندامى پەرلەمانى عێراق ،بەدەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"بە ئامانج كردنى ئەفسەرە كوردەكانى ناوچە دابڕاوەكان هێڵى سورە و قابیلى قەبوڵ نیە."

وتیشى"ئەگەر مەسەلە تەمەنى یاسایى یە دەبێت ئەفسەرانى عەرەب و توركمانیش خانەنیشین بكرێن."

پێشتریش وەزارەتى ناوخۆى عێراق لیوا جەمال تاهیرى فەرماندەى گشتى پۆلیسى كەركوكى لەپۆستەكەى دوور خستەوە و ، عەمید خەتاب عومەرى لە جێگەكەى دانا.

XS
SM
MD
LG