لە ڕۆژی یەکشەممەوە بەنگلادێش دوو ڕۆژ پرسەی فەرمی دەگێڕێت بۆ ئەو قوربانییانەی گیانیان لەدەستدا بەهۆی هەڵکوتانی حەوت چەکداری توندڕەوی ئیسلامی بۆ سەر ڕێستورانتێکی باڵا و گرتنی چەند کەسێکی بیانی بەبارمتە. هەرچەندە هێرشەکەیان لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دوابەدوای 11 کاتژمێری شەڕ کۆتاییپێهات، بەڵام لە ئاکامدا 20 بارمتە کە زۆربەیان بیانیبوون و هەروەها دوو کارمەندی پۆلیس کوژران.
ڕێکخراوەی توندڕەوەی دەوڵەتی ئیسلامی بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی هێرشەکەیان لە ئەستۆگرت هەرچەندە هێشتا هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان چەکدارەکان و دەوڵەتی ئیسلامی ئاشکرا نەبووە و کاربەدەسستانی حکومەتی بەنگلادێش نکوڵی لەوە دەکەن دەستی دەوڵەتی ئیسلامی تێدابێت.
ئەسەد زەمان خان وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند هێرشبەرەکان بەدڵنیاییەوە هیچ پەیوەندییەکیان بە دەوڵەتی ئیسلامییەوە نییە و بەڵکو ئەو جیهادیانە ئەندامی گروپی ناوخۆی ملیشیاکانی جەماعەتول موجاهدینی بەنگلادیشن کە زیاتر لە 10 ساڵە لە وڵاتەکەدا قەدەغەکراون. ناوبراو گوتیشی تێکڕای هێرشبەرەکان خۆیندەواربوون و لەبنەماڵەی دەوڵەمەندەوە بوون.
هاوکات ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز لەزاری بەرپرسی پۆلیسی نیشتیمانیەوە دەڵێت هەر 7 هێرشبەرەکە بنگلادێشیبوون و دەسەڵاتداران پێشتر هەوڵی دەستگیرکردنی 5 کەس لەوانەی دابوو.
کاربەدەستان دەڵێن لەنێو ئەو 11 پیاو 9 ژنەی کە لە ڕووداوەکەدا کوژران، 9 کەسیان ئیتالین، 7 ژاپۆنی، 2 بەنگلادێشی، هیندییەک و ئەمەریکاییەک. هێزەکانی ئاسایش 13 بارمتەیان ڕزگارکرد.