Accessibility links

ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراو بە پاسێکی پـۆلیس لە ئامەد دەتەقێتەوە و 3 کەس دەکوژرێن


کاربەدەسـتانی تورکیا دەڵێن ئەمڕۆ سێشەممە لە ناوچەی باگلاری شاری ئامەد ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراو بە پاسێکی پـۆلیسدا تەقیوەتەوە و لە ئاکامدا 3 کەس کوژراون و 45 کەسی دیکە برینداربوون.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێس دەڵێت فەرمانداری ئامەد گوتویەتی ئۆتۆمبیلەکەی پـۆلیس 9 پـۆلیسی تێدابووە کە 7 پەکەکەی دەسـتگیرکراویان بۆ تاقیکردنەوەی پـزیشکی دەبرد. سێ لەوانەی بە قورسی برینداربووبوون لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەسـتداوە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە نازانرێت ئایا هیچ کام لەو 7 پەکەکەیە لە تەقینەوەکەدا برینداربوون یان نا.

پـۆلیس لە بەیانـنامەیەکدا گوتی 12 پـۆلیس و 33 کەسی سیڤیل برینداربوون. دەشڵێت خەڵکە سیڤیلەکە بە ناوچەکە تێپەڕدەبوون یان لە چایخانەیەکی نزیک لە شوێنی ڕووداوەکە بوون.

هەتا ئێسـتا کەس بەرپـرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکە ڕانەگەیاندووە، بەڵام کاربەدەستانی حکومەت گومان دەکەن پەکەکە لە پشـت هێرشەکەوە بێت.

XS
SM
MD
LG